بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەهرۆز گەڵاڵی لە وتارێكدا كە لە بەشی بیروڕای شارپرێس بڵاوكراوەتەوە باس لە هەڵەكانی پارتی دەكات كە دواینیان بایكۆتی هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستانە.
گەڵاڵی لەوبارەیەوە دەڵێـت: "بە داخەوە نەدەبوو تاك لایەنە پارتی ئەم هەڵوێستە وەربگرێت، چونكە بڕیاری لەم شێوەیە زیاتر ماڵی كورد لێكدەترازێنی و كورد بەرە و كارەسات و بارودۆخێكی زۆر خراپتر لە ئێستا دەبات".
هەروەها روونیكردەوە، خۆ ئەگەر پارتی لە سەر جێبەجێنەكردنی ماددەی ١٤٠ و كێشەی كەركوك و ژینۆسایدی هەڵەبجە، پێكەوە لەگەڵ هەموو حزبەكانی تری هەرێمی كوردستان بەرانبەر بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بوەستابانایەوە و هەڵوێستیان وەربگرتایە، رەنگە بۆ كورد و دۆستەكانی ببوایە هەڵویستێكی كوردانەی نیشتمانی گرنگ . بەڵام ئێستا بەم شێوەیە تاكلایەنە بڕیاردانی بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كارێكی یەكجار خراپ و بڕیارێكە پەلەپەلی پێوەدیارەو دیراسە نەكراوە".
گەڵاڵی دەشڵێـت "من پێم وایە سەركردایەتی پارتی تائێستا چەند هەڵەیەكی ستراتیژی گەورەی كردووە:
یەكەم، ئەنجامدانی ریفراندۆم سیاسەتێكی زۆر هەڵە و ستراتیژی بوو، جگەلەوەش هەوڵدانی ئەمریكاو ئەوروپاو دۆستەكان گوێ لێگیراو نەبوو پارتی دایە عینادی و كردی، دواتریش باجەكەی لەسەر هەموو خەڵكی كوردستان قورس كەوتەوە.
دووەم، هەڵەی ستراتیژی كە ئەمڕۆ پارتی كردی، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بوو، دیارە ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە كە ئەمریكاو ئەورپاو هەموو دنیاو كورد خۆشی داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات و حكومەت و پەرلەمانی كوردستان پەكخراوە و خەڵك متمانەیان بەم شێوازی بەڕێوەبردنە تەواو لاواز بووە، بۆیە دڵنیان دیسان باجی ئەو عینادی سیاسییەش هەر كوردە هەژارەكە دەیدات و پارتی دەیەوێت وەك پاڵەوان خۆی نمایش بكات.
سێیەم هەڵەی ستراتیژیش كە بەڕێوەیە و ئەگەری هەیە بەهۆی لێكەوتەكانی ئەم بڕیارەوە پارتی بیكات، ئەویش تاكلایەنانە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسییە لە بەغدا.
Your Comment