بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گوێرەی مڵی کتێبی کوردی، نووسەر دوو پێشەکیی دوورودرێژی بۆ کتێبەکە نووسیوە. پێشەکیی یەکەم سەبارەت بە مێژوو و ڕەوتی زاراوەسازی و وشەڕۆنان لە دوو زاری کوردیی ناوەندی و سەروودا پێشکەشکراوە.
نووسەر لە پێشەکیی دووهەمی کتێبەکەدا پەنجا خاڵی سەبارەت بە گیروگرفتەکانی زاراوەسازی لە زمانی کوردیدا و کۆمەڵێ ڕێکار و پێشنیازی ئاراستە کردووە.
مەبەستی سەرەکیی سەجادی لە دانانی ئەم فەرهەنەگە وەک خۆی ئاماژەی بۆ کردووە بریتییە “له ههوڵدان بۆ دانان و گشتگیرکردنهوه و مسۆگهرکردنی شێوازی زانستی له زمانی کوردیدا به شێوهیهکی پاراو و یهکگرتوو.”
نووسەر ئەو نووسین و سمینارانەی لەسەر زاراوەسازی و شێوازی زانستیی زمانی کوردی نووسراون ناساندووە. هەروەهاش پێڕستێکی تیروتەسەلی لە سەرچاوەکانی بواری فەرهەنگدانان و زمانی زانستی بە زمانەکانی ئینگلیسی، فەرنسی، فارسی و کوردیی ناوەندی و سەروو داناوە کە بەسەر دوو بەشی فەرهەنگ و لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکاندا پۆلێنبەندیی کردوون.
فەرهەنگەکە نزیکەی ٧٠٠٠ زاراوەی لەخۆ گرتووە و زاراوەکان زیاتر بواری ڕەخنە و تیۆریی ئەدەبی دەگرنەوە، بەڵام زاراوەکانی زانستە مرۆییەکان و بە تایبەت دەڤەری زمانناسی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی و دەروونشیکاری تێدایە.
هاوواتای فارسی و کوردی بۆ هەموو زاراوەکان دانراون. نووسەر کۆمەڵێ پێشنیازی تازەشی بۆ وەرگێڕانی دروستی زاراوەکان بە فارسی پێشکەشکردووە. لە وەرگێڕانی کوردیی زاراوەکاندا هاوواتاکان بە هەر دوو زاری کوردیی ناوەندی و سەروو دانراون.
بۆچوونی ئێوە