بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر, ژمارەیەک لە ڕێبەرانی بەرەی بەرخۆدانی ئیسلامی لەوانە سەید حەسەن نەسروڵا، ئیسماعیل هەنیە و شێخ عیسا قاسم و .... لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی قودس وتەیەکیان دا.
بەرەی بەرخۆدان جدی و ڕاستگۆیە
سەید حەسەن نەسروڵا، سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان وتی: ئێمە ئەمڕۆ پشتیوانی خۆمان لە فەلەستین ڕادەگەینین. ئێمە هەڵوێستی ڕاستیبێژانە و دلێرانەی خۆمان سەبارەت بە ئارمانجی فەلەستین ڕادەگەیێنین.
زیادیشی کرد: گەلی فەلەستین خۆڕاگری لە سەر هەڵوێستی خۆیان سەلماندووە و جەختیان کردۆتەسەر پابەندی بە بەرخۆدان بە هەموو شێوەیەک. گەلی فەلەستین سەرەڕای هەموو گەمارۆ و دژوارەکان و هەڕەشەکان بەردەوامن لە سەر ئارمانج و مافەکانیان.
سکرتێری حزبوڵلای لوبنان بە ئاماژە بە سەرهەڵدانی دانیشتوانی قودس لە ڕۆژانی رابردوو و بەرەنگاریی ئەوان لە گەڵ زایۆنیزم و هاودڵی دانیشتوانی غەزە لە گەڵ یەکتر ، وتی: ئەمە گۆڕانکارییەکی زۆر گرینگە. گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە هاوڕیزی گەلی فەلەستینی نیشان دا و ئەوەی کە ئەوان لە مافەکانیان پاشگەز نابنەوە.
ئەوەشی وت کە بەرەی گەنجی فەلەستین ئامادەی گیانبەخت کردنە و سەرکەوتن بەڕێوەیە. بەرەی بەرخۆدان مەترسیدارترین قۆناغەکانی تێپەڕاندووە. بەرەی بەرخۆدان بە پێچەوانەی ڕژیمە عەرەبەکان جدی و ڕاستگۆیە.
ڕاشیگەیاند: بەرەی بەرخۆدان ڕۆژ بە ڕۆژ تەواوتر دەبێت و هاوریزیەکەی زیاتر و هەماهەنگتر دەبێت و ئەمانە مزگێنی ئەوە دەدات کە ئێمە هەست بکەین ئازادی قودس نزیکە.
ئەوەشی وت کە قەیرانە قووڵەکان، ڕژیمی زایۆنی داگرتووە و شرۆڤەکاران بە ئاشکار نیگەرانی ئەوەن کە ڕژێمی زایۆنی نامێنێتەوە.
ئەوەشی دووپات کردەوە کە وڵاتانی سازشکار هیچ کات بەشێک نەبوونە لە شەڕی قودس و چوونەدەرەوەیان کاریگەریی لە سەر شەڕ لە گەڵ زایۆنیزم نابێت.
جەختیشی کرد کە بەرپرسیارێتی ئێمە پشتیوانی هەمە لایەنە لە بەرخۆدانی فەلەستینە و داهاتووی ناوچەکە لە لایەن بەرەی بەرخۆدانەوە دروست دەبێت.
قودس زیاتر لە هەمیشە لە ئازادی نزیک بۆتەوە
ئایەتۆڵا شێخ عیسا قاسم ڕێبەری شێعەکانی بەحرەین ڕایگەیاند: قودس زیاتر لە هەمیشە بە ئازادی و ڕزگاربوون لە زایۆنییەکان نزیک بۆتەوە.
بە پێی هەواڵی مێهر، ئایەتۆڵا شێخ عیسا قاسم ڕێبەری شێعەکانی بەحرەین وتی: بژاردەی میلەتی ئێمە بەرخۆدانی درێژخایەن بۆ گەیشتن بە مافەکانی ئۆمەتی ئیسلامییە. هەوڵەکان بۆ ئاسایی کردنەوە، مەترسیدارترین پیلان دژی ئۆمەتی ئیسلامی و پیرۆزییەکانی ئیسلامە.
ئەو وتیشی: میلەتی ئیمە لە ڕێگای قودس، فەلستین، دین و یەکگرتوویی گیانبازی دەکات. هەستانەوەی باب ئەلعاموود هۆشدارێکی جیدی بۆ هەستانەوەی هەموو ئازادە موسوڵمان و عەرەبەکان دژی زایۆنیستەکانە.
ناوبراو هەروەها وتیشی: لەمپەرێکی گەورە لە نێوان زایۆنیستەکان و داگیرکردنی مزگەوتی ئەلئەقسا هەیە کە ناتوانن لەو لەمپەرە بپەڕنەوە و مزگەوت هی ئەو کەسانەیە عاقیبەتی خۆیان بە دونیا نافرۆشن.
بەرانبەر ئیسرائیل نە سازش دەکەین و نە ڕادەست دەبین
سەرۆکی نووسینگەی سیاسی حەماس وتی: لە بەرانبەر دوژمنی ئیسرائیلی نە سازان دەکەین و نە ڕادەست دەبین.
بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی نووسینگەی سیاسی حەماس وتی: قودس ڕووگەی دڵی ئۆمەتی ئیسلامی بووە و دەبێتیش. قودس ئەمڕۆکە لەگەڵ گۆڕانکاری گەورە بەرەوڕوویە و کێشەکان گەییشتوونەتە خراپترین و مەترسیدارترین حاڵەتی خۆی و هەوڵی بە جوو کردن و کوشتوبڕی نەتەوەی ئێمە درێژەی هەیە و داگیرکەران بەدوای دابەش کردنی مزگەوتی ئەقسا لە بواری کاتی و شوێنگەییەوەیە.
ناوبراو بە ئاماژە بە خۆپیشاندانی خەڵک لە باب عەموود لە قودسی داگیرکراو و بەرەنگار بوونەوەی ئەوان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان دوای جووڵەکانیان ڕایگەیاند: سازان و ڕادسەت بوون لە شەڕی ورە و شوناس و بەرگری لە مزگەوتی ئەقسا و قودس جێگایەکی نییە.
هەنیە وتی : شەڕی قودس درێژەی هەیە و ئێمە لە بەرانبەر هەڕەشەکان جیدین بەتایبەتی هەڕەشەی شارۆچکەنشینەکان دژی مزگەوتی ئەقسا. ناوبراو زیادی کرد: سەرکەوتن بۆ ئێمەیە، داهاتوو بۆ ئێمەیە. فەلەستین هی ئێمەیە و داگیرکەران جێگایەکیان لە فەلەتسین نییە. نەتەوەی ئێمە بە تەواوی هێز و توانەوە و پشت بە خودا و باوەڕ بە نەتەوەی ئیسلامی ئیزنی دەستدرێژی بۆ سەر قودس و دانیشتووانی بەیتولموقەدەس نادات و بە تەواوی هێزەوە بۆ لەناوبردنی داگیرکەران هەوڵ دەدات. نەتەوەی ئێمە ئەبێ هەستنەوە تا "نا"یەکی گەورە بە دوژمن بڵێت و ئیزن نەدەن هیچ خەسارێک بەر مزگەوتی ئەقسا و قودس وەکوو پێتەختی فەلەستین بکەوێت.
سەرۆکی نووسینگەی سیاسی حەماس داوای لە ئۆمەتی ئیسلامی کرد کە هەڵوێستی بەهێزیان لە پاڵپشتی لە پارێزەرانی مزگەوتی ئەقسا و دانیشتووانی قودس هەبێت. ئیسماعیل هەنیە جەختی کرد: بڕیاری ئێمە ئەوەیە کە ئیزن نەدەینە ئیسرائیلییەکان لە قودس ملهوڕی بکەن یا لە 28 ی ڕەمەزان هێرش بکەنە سەر مزگەوتی ئەقسا.
ئەمریکا و ئیسرائیل توانای بەرەنگاربوونەوەی گرووپەکانی بەرخۆدانیان نییە
شێخ قەیس خەزعەلی ڕایگەیاند: ئەمریکا و ئیسرائیل لە فەلەستین، عێراق، بەحرەین، یەمەن و سووریا و بەرانبەر ئێرانیش خەریکن شکست دەهێنن.
بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شێخ قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: سەرەڕای هەموو پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و لایەنەکانی دیکە لە ئیسرائیل، بەرخۆدان ڕۆژبەڕۆژ پێش دەکەوێت و بەردەوام لە سەرکەوتندایە.
ناوبراو زیادی کرد: کۆماری ئیسلامی ئێران بە زانایی و بیری ڕێبەرەکانی و سەبری خەڵک، ئەمریکای بەرەو دانپێدانان بە شکست لە سیاسەتەکانی برد و سیاسەتی زیاترین گوشاری ترامپ شکستی هێنا.
خەزعەلی وتیشی: گرووپەکانی بەرخۆدانی فەلەستین داگیرکەرانی ئیسرائیلییان ڕاگرتووە. ئەوان لە بەرانبەر مووشەکگەلێکەوە کە لەلایەن غەزەوە دەهاوێژرێت، داماون.
ناوبراو زیادی کرد: ئامادە بوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق بە مەبەستی پاڵپشتی لە ئیسرائیلە. بڕیاری گرووپەکانی بەرخۆدان لە عێراق بۆ ناچار کردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەو وڵاتەیە و بەتایبەتی لە ئەو کاتەوە کە ئەمریکییەکان ڕاشکاوانە وتیان کە نایانەوێت لە عێراق بچنە دەرەوە.
ڕۆژی قودس بۆنەیەک بۆ هەستانەوەی نەتەوەی ئیسلامییە
عەبدۆلمەلیک حوسی ڕێبەری بزووتنەوەی ئەنسارٶڵای یەمەن وتی: ڕۆژی قودس بۆنەیەکی گرینگ بۆ هەستانەوەی نەتەوەی ئیسلامیە و بەرپرسیاریەتی لە بەرانبەر ئەم نەتەوە زۆرتر دەکاتەوە.
بە پێی هەواڵی مێهر، عەبدۆلمالیک حوسی ڕێبەری بزووتنەوەی ئەنسارٶڵای یەمەن وتی: میلەتی یەمەن پشتیوانی خواستە مافدارانەکانی میلەتی فەلستینە. ئەم میلەتە لە سەر ئازادی فەلستین پێداگری دەکەن و ڕۆڵی گرینگیان لەم بوارەدا هەیە.
حوسی وێڕای ئاماژە بە پووچەڵ کردنەوەی جموجۆڵەکان دژی ئارمانجەکانی فەلستین، باسی سەرکەوتنی فەلستینی کرد و وتی: ئەوەی لە تواناماندایە بەکارمان هێنا و پێشنیاری ئازاد کردنی بەندکراوە فەلستینییەکانمان بە ڕژیمی زایۆنی دا بەڵام تا ئێستا وڵامێکی باشمان وەرنەگرتووە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بۆ کردەوەکانی سەعوودی دژی ئەندامانی بزووتنەوەی حەماس و دەستبەسەر کردنیان لە لایەن ڕیازەوە، ئەوەی کردەوەیەکی دژبەرانە و بەڵگەیەک بۆ هاوڕێیەتی ڕیاز لە گەڵ زایۆنییەکان زانی.
بەرەی بەرخۆدان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەورەتر و بەربڵاوتر دەبێتەوە
زیاد نەخالە سکرێتری گشتیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلستین وتی: ئۆمەتی ئیسلامی ڕۆژی قودس، ئەو ڕۆژەی کە بۆ گەیشتن بە داخوازییەکانیان دیاری کراوە، بەرز ڕادەگرێت.
بە پێێ هەواڵی مێهر، زیاد ئەلنەخالە سکرێتری گشتیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلستین وتی: میلەتی ئێمە وەکوو پێشوو ئەستوور و جیدی لە سەر گەیشتن بە خواستەکانی ڕاوەستاوە.
ئەو وتیشی: پێداگری نەتەوەی ئێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێتەوە. گرووپەکانی بەرخۆدان لە ناوچە پشتیوانی خۆیان لە میلەتی فەلستین و بەرخۆدان ڕادەگەینن و پشتیوانی ئەوان بە شێوەی سیاسی و مەعنەوی و چەکدارانەیە.
نەخالە ڕاشیگەیاند: بەرەی بەرخۆدان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەورەتر و بەربڵاوتر دەبێتەوە. میلەتی ئێمە لەم وڵاتەدا دەمێنێتەوە و بەرگری لێ دەکات. دوژمنی زایۆنی دێر یان زوو دەبێ ئەم وڵاتە بە جێ بێڵن.
بۆچوونی ئێوە