خەڵاتی کتێبی کوردی یوونسی لەنگەری گرت

بەڕێوەبەری یەکەمین خەڵاتی کتێبی ئەدەبی ئیبراهیم یوونسی دوای مزگێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پێدانی خەڵاتەکان لە رۆژە سەرەتاییەکانی مانگی داهاتوو، وتی: ئاڵۆگەر لە وەرگرتنی مۆڵەتنامەی نێونەتەوەیی هۆکاری دواکەوتنی ئەم خەڵاتە بوو.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگی- ئەمجەد غوڵامی: ئیبراهیم یوونسی نووسەر و وەرگێڕی ناسراوەی کورد پاش چەندین دەیە دووربوون لە زادگەی، لە رۆژی ۱۹ی رێبەندانی ساڵی ٩٠ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد و تەرمی لە سەر داوای خۆی گەڕاندرایەوە بۆ گۆڕستانی سلێمان بەگی بانە، وەک بڵێی پلەیەکی هێندەبەرز پێویست بوو تا کۆنە ئەفسەری ساڵانی دێرینی بواری فەرهەنگ و ئەدەب خۆی شیاوی ئەو زادگەیە ببینێت کە وەک خەمێک بەردەوام بەسەر دڵی ڕۆمانەکانیدا لەنگەری خستبوو.

بەڵام ئەمە کۆی چیرۆکەکە نییە، بەڵکوو پاش نزیک بە سێ ساڵ لە مەرگی یوونسی، تاقمێک لە نووسەران و لاوانی بانەیی بە هاوڕایی و هابیریی بەرپرسانی ئەو شارە بڕیاری دانانی خەڵاتێک بە ناوی ئەو کەسایەتییەیان دەرکرد و دوای بانگهێشتی چالاکان، نووسەران و شاعێران لە شارەکانی دیکەی کوردستان بۆ ژووری هاوفیکرییان، لە پاییزی ساڵی ڕابردوو لیژنەی زانستیی ئەم خەڵاتە بە ئەندامێتیی ٧ کەس بۆ ڕاپەراندنی کارەکان دیاری کرا.

بەنێونەتەوەیی کردن هۆکاری دواکەوتنەکان

شەوبۆ محەمەدیانی ئەندامی شۆڕای ئیسلامی شاری بانە و بەڕێوەبەری خەڵاتی یوونسی لەوبارەوە وتی: لە مانگی گەڵاڕێژانی ساڵی ڕابردوو عەتا نەهایی، حامد کۆنەپۆشی، ڕەحیم عەبدولڕەحیم زاده، بەیان عەزیزی، ئەمجەد غوڵامی، محەمەد مەحموودی و فریا یوونسی وەک لیژنەی زانستیی ئەم خەڵاتە دیاری کران و ئەمان پاش دیاری کردنی ئایتێمەکان و دابەشکردنی خەڵاتەکان بە پێنج بواری سەرەکی چیرۆک، ڕۆمان، شێعر، توێژینەوە و وەرگێران و سێ بواری پاڵەکیی کتێبی منداڵان، وتاری زانستی/ کتێبناسی و بلاڤگەکان، یەکەم بانگەشەنامەی خەڵاتەکەیان بڵاوکردەوە و هاوکات وێبلاگێک بۆ ڕاگەیاندن و وەرگرتنی بیروڕاکان کرایەوە.

بەرپرسی پێشووی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی شۆڕای ئیسلامی شاری بانە زیادی کرد: بە پێی بڕیاری لیژنەی زانستی و بە ئاوردانەوە لە چاپ و بڵاوبوونەوەی زۆربەی بەرهەمی وێژەران و نووسەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان هەوڵ درا جوگرافیای کاریی ئەم خەڵاتە لە ئاستی نەتەوەییەوە بۆ ئاستی نێونەتەوەیی بگۆڕدرێت، بەو پێیە بانگەشەنامەکان لە میدیا و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی هەرێمی کوردستانیش هاوکاتی ناوخۆی ئێران بڵاوکرایەوە و زۆربەی نووسەران بە دەنگی بانگەوازەکەمانەوە هاتن.

ناوبراو ئەم گۆڕانکارییە لە ئاستی جەغزی جوگرافیایی خەڵاتەکەی وەک هۆکاری وەدرەنگ کەوتنی بەڕیوەچوونی خەڵاتی یوونسی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو باس کرد و وتی: بە پێی وەرگیرانی مۆڵەتنامەی یەکەم وەک مۆڵەتنامەیەکی نەتەوەیی پێویست بوو بە مۆڵەتنامەیەکی نێونەتەوەیی پێناسە بکرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستە دەبوو پێداچوونەوەیەکی نوێ بە خود مۆڵەتنامەکەدا بکرێت و بە خۆشحالییەوە دوای هاوکاری و پشتگریی فراوانی پارێزگار و جێگری ئەمنی و سیاسیی پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەم پارێزگایە  و بەرپرسانی شاری بانە، ساڵی نوێی ئەمساڵمان بە وەرگرتنەوەی مۆڵەتنامەی نوێ دەست پێ‌کرد.

هاوکارییەکان قەرەبووکەرەوەی دواکەوتنەکان

"داوەرانی ئەم خەڵاتە کە پێکهاتوون لە لێهاتووترین و بەتواناترین نووسەرانی ئێستاکەی کوردستان، بە گشت دواکەوتنەکان بە ورەیەکی لە بن‌نەهاتوو و ماندوونەناسانە بە دەنگی لیژنەوە هاتن و سەرەڕای کەمبوونی مەودای زەمانی، کتێبەکانیان بۆ تاوتوێ کردن ڕادەست کرا و بڕیارە ئەنجامی داوەرییەکان بە لیژنە ڕابگەیێننەوە"، ئەمە وتەی فریایوونسی ئەندامی وتەبێژی لیژنەی زانستی بوو کە هاوکات وەک ئەندامی پەیوەندیی ئەم لیژنەیە و کومیتەی بەڕیوەبەریی خەڵاتی یوونسی چالاکە.

ناوبراو هەڵبژاردنی داوەرانی وەک خاڵی بەرچاوی ئەم خەڵاتە وەسف کرد و زیادی کرد: هەر لە یەکەم کۆبوونەوەکانی لیژنەی زانستی و دوای ڕاگۆڕینەوەکان و هەڵسەنگاندنی ڕێزۆمەی کەسەکان، ۱۱ کەس لە مامۆستایانی لێهاتووی کورد لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەدەبی و ئاکادیمی لە ناوخۆی ئێران و ٦ کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ داوەریی کتێبەکان دیاری کران و ناویان لە میدیا و ڕاگەیاندنەکانی وڵاتدا ڕاگەیێندرا.

وتەبێژی لیژنەی زانستی یەکەمین خەڵاتی ئیبراهیم یوونسی دوای ئاماژە بە دابەشکاریی بەرهەمەکان بە پێی تەوری خەڵاتەکە لە نێوان داوەران لە دوای گەیشتنی مۆڵەتنامەی فەرمی، ڕوونی کردەوە: لیژنە زانستی بە پێی ئەرکە دیاری کراوەکانی لە پێڕەونامەی ناوخۆیی ئەم خەڵاتە بەشێک لەو کتێبانە کە مەرجە دیاری کراوەکانی ناو بانگەشەنامەکیان ڕەچاو نەکردبوو لە ڕەوتی داوەری وەلاوە نا و بەرهەمەکانی دیکە بە پەیوەستی فۆڕمی داوەری و شێوەی بارمبەندی ڕادەستی داوەران کرد.

فریا یوونسی دوای دەستخۆشی کردن لە یەکە یەکەی مامۆستایان و چالاکانی ئەدەبی کە بە هاوفیکری خۆیان یارمەتیدەری بیچم گرتنی ئەم خەڵاتە و گەیشتن بەم قۆناغەی ئێستای بوون، کاتی بەڕیووەچوونی خەڵاتەکەی رۆژانی ٩ و ١٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ ڕاگەیاند.

ناوبراو لە کۆتاییشدا مزگینی ئامادەبوونی گەورەنووسەران و مامۆستایانی ئەدەبی و ئاکادیمیی لە جێ جێی وڵات لە رۆژانی ڕێوڕەسمی بەخشینەوەی خەڵاتەکە دا و جەختی لەوە کردەوە: ئامادەبووان لە دوو رۆژەدا لە نزیکەوە شاهیدی بەڕێوەچوونی پانێلگەلی چڕ و پڕ و زانستی و وتەدانی کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەمڕۆکەی ئەدەبی و ئاکادیمی دەبن.

شاری بانە لە پەنای ناودەرکردنی وەک ناوەندێکی کڕیاری و ئابووری، چەندین ساڵە بووەتە شوێنیکی تایبەتی بۆ چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان و لەوان مێهرەجانەکانی فیلم و چیرۆکنووسی، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەڕێوەچوونی خەڵاتی نێونەتەوەیی کتێبی ئیبراهیم یوونسی وەک یەکەمین هەوڵی لەو چەشنە دەتوانێت لە پەنای کاریگەری دانان لە سەر ڕەوتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و بڵاڤگەکانی ناوچە، بە جۆرێک نمانەیەکی تایبەتی بۆ بەرزکردنەوەی گەشتیاری فەرهەنگی لەم شارە سەرسنوورییە بێت.  

News Code 3516

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 13 =