بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حەسەن ڕۆحانی ئەوڕۆ (شەممە) لە دانیشتنی بنکەی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، وتی: ١٢٠٠ ناوەند لە سەرتاسەری وڵات بۆ تاقیکاری و نمونەگرتن لە هاووڵاتیان چالاکن و هەروەها ١٧ هەزار و ٥٠٠ یانەی تەندروستی لە سەرتاسەری وڵات ئامدەی پێدانی خزمەتی تەندروستین.
ڕۆحانی بە بیرهێنانەوەی پێگەی پازدەهەمی زانستی ئێران لە ئاستی جیهاندا، وتیشی: بە پێی تاقیکاری و توێژینەوەیەک کە لە سەر ١٩٩٢ نەخۆشی کۆرۆنایی ئەنجام دراوە دوو دەرمان بۆ چارەسەری کۆرۆنا لە ئێران کەڵکی لێ وەرگیراوە کە تا ڕادەیەک کاریگەری باشی بووە و هیوادارین ڕەوتی توێژینەوەکان بەردەوام بن.
سەرۆک کۆمار لە درێژەدا هوشداری بە خەڵکی دا کە نابێ غافڵ لە مەترسییەکانی کۆرۆنا بن و جەختی کرد: کۆتاییەکی دیار و ڕوون بۆ ئەم ئیپیدیمییە نییە و تا ئەو کاتەی ڤاکسەنێکی جێی بڕوا و متمانە ئامادە نەکرێت، بەرەوڕووی مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییەین. هەر بۆیە پرۆتۆکۆلە تەندروستییەکان دەبێ بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە لایەن خەڵکەوە ڕەچاو بکرێن.
جەختیشی کرد: لە ئێستادا ناتوانین کارەکان بوەستێنین و دەبێ کارخانەکانمان کار بکەن، دووکانەکانمان کراوە بن و هاتوچۆکان لە ئەگەری پێویستدا درێژەیان بێت و لە بەرامبەردا بەردەوامیش بین لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ڕۆحانی بە ئاماژە بەوەی کە چوارەمین ئەرکی دەوڵەت دابین کردنی پاکێجی یارمەتییە، وتی: چالاکییە پاڵپشتییەکان تا کۆتایی ئەمساڵ و تا هەر کاتێک کە ڤایرۆسی کۆرۆنا مابێت، درێژەی هەیە.
Your Comment