دابونەریتەکانی هەورامان خەزێنەیەکی لە بن‌نەهاتووی هونەرن

یەعقووب شوجاعی کە ناسراوە بە شێوەکاری هەورامان ڕای وایە کە ئایین، دابونەریت و ڕێوڕەسمەکانی هەورامان سەرچاوە و خەزێنەیەکی لە بن‌نەهاتووە بۆ هەموو هونەرمەندانی شاعێر، نووسەر، شێوەکار و وێنەگر.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، "یەعقووب شوجاعی" کە بە شێوەکاری هەورامی ناسراوە لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری "کوردتوودەی" بە ئاماژە بە چوار ساڵ وانەوتنەوەی لە قوتابخانەکانی باینگان و سەلاسی باوەجانی، وتی: ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی خوێندنی زانکۆییم لە زانکۆی هونەری ئیسفەهان و لە بەردەستی مامۆستایانی ناوداری ئەو سەردەمە و لەوان محەمەد جەعفەر ئیبراهیم، مامۆستا زەبیحی و خوالێخۆشبووان دوکتۆر جەواد حەمیدی، حەبیبوڵڵا فزائیلی و جەعفەر ڕووحبەخش دەست پێکرد و لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوییەوە لە کانوونی گەرهەنگی هونەریی سەر بە ئیدارەی پەروەردە خەریکی ڕاهێنانی هونەری قوتابیانم و تا ئێستا هونەرمەندانێکی زۆرم ڕاهێناوە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە کردنەوەی چەندین پیشانگا لە تەکیەی معاونولمیلەلی کرماشان (١٣٧٩) و مەشهەد (١٣٨١) و پاوە کرد و وتیشی: ساڵی ڕابردوو بە بۆنەی ساڵوەگەری کیمیابارانی حەڵەبجە تابلۆیەکم بە مۆزەخانەی شەهیدانی ئەو شارە بخشی و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکیشدا پیشانگای شێوەکاری لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و حەڵەبجە بەکەمەوە.

شوجاعی لەبارەی شێوازی کارەکانی بە بیرهێناوەی بیرۆکەی ئاوێنەنوێنیی هونەر و مرۆڤایەتی، ڕوونی کردەوە: لە کارەکانمدا بە سێوەی ئابسترە دەڕوانمە سروشت، ئایین و خەڵکی ناوچەی هەورامان و لەباری تەکنیکییەوە، بەرهەمەکانم پێکهاتووە لە ئابسترە و مودێڕنیزم (بۆ ناوەوە ڕوانین) و لە دەرەوە ڕوانین بۆ نیشاندانی زەمان و سروشت و دەرد و ناسووری خەڵکی، چونکە لام وایە هونەرمەند دەبێ باسی زەمان و خەڵک و ئایین و سروشت و پێداویستییەکانی خۆی بکات.

شێوەکاری هەورامی بە نرخاندنی بەرهەم و ئاسەواری ئاسەواری عەبدوڵڵا خانی ناهید، مامۆستا شێرزادی بۆکانی، هادی و مەهدی زیائەدینی، فەردین سادق ئەیووبی، ئەحمەد خەلیلی فەرد و ...، ڕایگەیاند: هونەری شێوەکاری بە گشتی لە کوردستاندا چ لە باری کوالیتی و چ لە باری چەندایەتییەوە دۆخێکی زۆر باشی هەیە و هونەرمەندانی ئێمە بە عەشقەوە دەڕوانە زێد و خاک و خەڵکی خۆیان. لەمناوە ئەوی بۆ من گرینگ بووە ئایین، دابونەریت و ڕێوڕەسمەکانی هەورامانە کە وەک هەمیشە سەرچاوە و خەزێنەیەکی لە بن‌نەهاتوو بووە بۆ هەموو هونەرمەندانی شاعێر، نووسەر، شێوەکار و وێنەگر.

ناوبراو لە کۆتاییدا وێرای ڕەخنە لە فۆڕمی ڕاهێنانی فەرمی هونەر بە هۆی کەوتنە داوی ڕووتین و کەمتەرخەمی، جەختی کرد: ئێمە وەک کورد و ئێرانی خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەندی هونەرین، بەڵام بەوەشەوە دەبێ قبووڵی کەین ئەو سەردەمانە ناگەڕێنەوە و ئێستا ئەرکی سەر شانی ئێمەیە درێژە بە رێگەی ئەوان بدەین.

ڕاشیگەیاند: بە داخەوە لە بواری هونەر و پیشە و توکنۆلۆژیادا ڕابردووی رۆژئاوا داهاتووی ئێمەیە و داهاتووی رۆژئاوا گێژەڵۆکەیەکی پۆست متافیزیا و تارەماییەکە کە خەریکە جیهان دادەگرێت. کەواتە دەبێ هوشیار بین و نەکەوینە داوی یارییە فۆڕمالیستییەکان و لە مێژوو فێر بین کە هونەری ئێمە بۆ مرۆڤایەتی و ڕەنگدانەوەی زێدی هونەرپەروەرمانە.

News Code 28940

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 10 =