بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی ئەمڕۆ (سێ شەممە) بە ئامادەبوون لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و دیدار لە گەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە، ڕایگەیاند: ئەمریکا پێی وایە دەتوانێ بە گەمارۆ و گوشار نیزامی ئێمە بگۆڕێت و خەڵکی بە ئاراستەی دژی نیزام ببات.
ڕۆحانی هەروەها ئاماژەی بە هەندێک لە سەرکەوتنەکانی بەرجام و لەوان سەرکەوتنی یاسایی، سیاسی و ئەخلاقی کرد و ڕاشیگەیاند: ئەو ڕێککەوتنە کە لە سای هەوڵی هەموو بەرپرسان بە تایبەت وەزارەتی دەرەوە و بەڕێز زەریف مسۆگەر بوو، وەیشوومەیەک بوو بۆ دوژمنان. بۆ وێنە خەوی ئیسرائیلییەکانی زڕاند و تەنانەت بینیمان کە ترامپیش دانی بەوەدا نا کە ئەو ڕێککەوتنە یەک لایەنە و لە بەرژەوەندیی ئێرانە.
سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بە دزێویی بێ هاوتای دەسەڵاتدارانی ئێستای کۆشکی سپی، وتی: شانازیی ئێمە تەریک خستنی ئەمریکا لە کۆمەڵگای جیهانییە و ئێستاش پاش ساڵێک و سێ مانگ لە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، تەنانەت وڵاتێکیش نەبووە ئەو هەنگاوەی ئەمریکا پەسن بکات. بۆ وێنە کاتێک سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێتە مایەی گاڵتەجاری هەمووان و یان ل ئەنجومەنی ئاسایش بە تەنیا دەبێت، نیشان دەدات کە ئێمە لە بڕیار و هەنگاوەکانماندا سەرکەوتوو بووین.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە پرسی دانوستان لە گەڵ واشنتۆن کرد و وتیشی: ئەوان دەڵێن کە ئامادەین بێ هیچ پێشمەرجێک لە گەڵ ئێران دانوستان بکەین، بەڵام هاوکاتی ئەو قسەیە رێبەرییان خستە لیستی گەمارۆوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێمە نامانەوێ دانوستانتان لە گەڵدا بکەین و گەر رۆژێکیش بمانەوێ ئەو کارە بکەین، با بزانن بە بێ ڕەزامەندی و ویستی رێبەری باڵا هیچ دانوستانێک مومکین نییە.
سەرۆک کۆمار ئاوری لە گەمارۆدرانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، دایەوە و بیری هێنایەوە: ئێستا بڕیارە کێ دانوستانتان لە گەڵ بکات؟ بەرپرسی دانوستانکاری ئێمە وەزیری دەرەوەیە و ئەگەر بڕیار بە دانوستان لە گەڵ ئەمریکا بێت، ئەوا دەبێ ئەو پرسەکە جارەسەر بکات. هەر بۆیە ڕوون نییە چ سیاسەتێک لە ئەمریکادا پێڕەو دەکرێت.
ڕۆحانی ڕوو لە دەوڵەتی ئەمریکا جەختی کرد: کۆماری ئیسلامی ئێران بە دوای دانوستان و گفتوگۆیە و ئەگەر ئەمریکا بە ڕاست پەیجۆری دانوستانە، دەبێ پێشتر هەموو گەمارۆکانی هەڵگرێت. ئێمە ناتوانین لە گەڵ جەنایتەکار و پیاوکوژران لە سەر میزی دانوستان دانیشین.
بیریشی هێنایەوە: گەلی ئێمە بەخشندەیە و بەو مەرجە ئێوە تۆبە بکەن. شەڕ و ئاشتی لە گەڵ ئێران دایکی هەموو شەڕ و ئاشتییەکانە. ئەگەر ئێوە و سەربازانتان ئاسایشتان دەوێ، دەبێ بزانن کە ئاسایش بە ئاسایش دەستەبەر دەبێت. ئێوە ناتوانن ئاسایشی ئێمە خەوشەدار بکەن و چاوەروانی ئاسایش بن.
ڕۆحانی بە داکۆکی لە ئاشتی لە بەرامبەر ئاشتی و نەوت لە بەرامبەر نەوت، وتی: ئێمە بەردەوامین لە دانوستان کردن لە گەڵ جیهان، ئەگەر بە ئەنجام گەیشتین کە هیچ، ئەگەر نا رێگەی دیکەمان بۆ درێژەدان هەیە.
Your Comment