حزب لە هەرێمی کوردستان بڕیاردەرە/ هەولێر هاوسەنگی پەیوەندی لەگەڵ تاران و واشنتۆن بپارێزێت

ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان پێیوایە: حزبی بوونی دەسەڵات و بڕیار لە هەرێمی کوردستان کێشەیەکی ڕیشەیی و قووڵە و یەکێک لە سەرەکی ترین یەکمایەتیەکانی کابینەی نوێ حکوومەت بە خزمەتگوزاری گشتی دەزانێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە موڵایی: حکوومەتی نوێ هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی خەریکە پێکدێت و لە دۆخی ئێستادا چەندین کێشەی سەرەکی و کەڵەکە بووی لە بەردەمدایە.کە بۆچارەسەر بوونیان سەروەر بوونی یاسا قسەی یەکەم دەکات.

لەم دیمانە لەگەڵ عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەكتەب سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و پەرلەمانتاری ئەم حزبە لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق بە کورتی بازدەدەینە سەر کێشەکانی بەردەم حکوومەتی نۆیەمی هەرێمی کوردستان و ڕێگاکانی چارەسەر کردنیان.

دەقی ئەو دیمانە وەک خۆی بڵاوکراوەتەوە؛

سەرەکی ترین کێشە و گرفتەکانی بەردەم حکوومەت و سەرۆکایەتی نوێی هەرێمی کوردستان کە لەمپەڕ بخاتە بەردەم هەولێر بۆ بەرەوپێش چوونی خێرا کامەن؟

بە ڕای من سەرەکی ترین کێشەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە حزب لێرە خاوەن بڕیارە. لە هەموو شتێکدا حزب دەستی هەیە. لە پەیوەندییە سیاسییەکاندا، لە پەرلەمان لە ئابوور لە ئەمنیەت .

بە راستی بە دامەزراوەیی و نیشتمانی نەکردنی دامودەزگا حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان و بە حزبی مانەوەیان دەتوانێ کێشەی قووڵ بۆ سەرکەوتن و بەرەوپێش چوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات.

حزبی بوون لە هەموو ئاستەکاندا هەیە؟

 بەڵێ. ئەو دامودەزگایانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان چالاکن، وەکوو پێشمەرگە، هێزی ئاسایش تەنانەت زۆربەی بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکان تا ئێستا هەر حزبین و بە حزبیش کار دەکەن و نەکراونەتە دامەزراوەی نیشتمانی. بوونی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان كێشەیەکی گەورەیە کە تا ئێستا هەڵمەتێکی باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەدراوە. ئێستا لە کوردستانی عێراق گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانی ئابووری، دارایی ، سیاسی و کۆمەڵایەتی بوونی هەیە کە چی تا ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ هەڵمەتێکی ئەوتۆ و کاریگەر بۆ نەهێشتنی ئەم گەندەڵیانە نەدراوە.

بە ڕای ئێوە یەکمایەتییەکان بۆ کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت چی بێت؟

حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەبێ ئاوڕی زیاتر لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بداتەوە. خەڵک بە راستی کێشەیان هەیە لە بوارەکانی خزمەتگوازاری ئاسایی، تەندروستی، یاسایی، نەبوونی هەلی کار، دابین نەبوونی مافەکان ، بە تایبەتی ئازادی ڕادەربڕین. حکوومەت دەبێت ئەوە لە پێش چاو بگرێت کە خەڵک ئیدی قبووڵی ناکەن ڕێژەیەکی زۆر کەم سوود لە داهات و سامانی ئەم وڵات ببەن و ڕێژەیەکی زۆریش بێ بەش بن و تەنیا سەیر بکەن.

ئەگەرچی کاری زۆر هەیە کە دەبێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە موازات ڕچاوی بکات و وەک یەکمایەتی دایبنێت وەک هەموار کردنی دەستووری هەرێم، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، حاکم کردنی یاسا، ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، پرسی نەوت و زۆر بابەتی تریش بەڵام خزمەت گوزاری گشتی لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمە و وەک گرێ کوێرەی لێهاتووە.

باستان لە کێشەی کەڵەکە بووی نەوت کرد، ڕەنگە لەبەر دابین کردنی بودجە ئەم بابەتە زۆر بۆ هەرێمی کوردستان گرینگ بێت، پێتان وایە بارزانییە گەنجەکان دەتوانن ئەم کێشە لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیاندا چارەسەر بکەن؟

یاسا کێشەی نەوتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندی عێراق چارەسەر کردووە. دەبێ هەم هەولێر و هەم بەغدایش پابەند بن بە یاسا و دەستوور و بەو ڕێککەوتنانەش کە پێشتر لە نێوانیاندا هەبووە.ئەگەر دوولایەن یاسا پەیڕەو بکەن، هەموو کێشەکان بە نەوت و گاز و پێشمەرگە و بودجەشەوە چارەسەری هەیە. بەڵام بە مەرجی جێبەجێ کردنی.

کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان کە ئێوە ئەندامی مەکتەب سیاسی ئەو حزبەن و هاوکات نوێنەری پەرلەمانیشن لەسەر فراکسیۆنی کۆمەڵ،  هەڵوێستی بەرانبەر کێشەی کەرکووک چییە؟

ئێمە لە مێژە رامانگەیاندووە کە باشترین چارەسەر بۆ پرسی کەرکووک تەنیا ئەوەیە بە جێبەجێ کردنی مادەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق چارەسەر بکرێت. دەبێ بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی هەموو ناوچە کێشەلەسەرەکان بە کەرکووک و دەوروبەریەوە ئەگەر عەرەبێک چووەتە جێگای ماڵە کوردێک یان زەوین و مەزرایان زەوت کراوە، وەربگیردرێتەوە و ئەو عەرەبانەی کۆچێندراون بۆ ئەو ناوچەیە بگەڕێنەوە . تەنانەت ئەگەر بە پێچەوانەشە هەر وابێت و هەموو کەس بە گوێرەی ئەو مادەیە بگەڕێتەوە شوێنێ خۆی و ڕێگە بدرێت یاسا باڵا دەست بێت. بەڵام بۆ ئەمە پێویستە دەوڵەتی ناوەندی عێراق و پێکهاتەکانی کەرکووکیش بە حزب و لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی ئەو دەڤەرە پابەندی ئەم یاسایە بن و قەناعەت بە دەستوور بکەن.

لەم دواییانەدا هەواڵی بڵاو بووەوە کە گوایە کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان پەشیمان بووەتەوە لە ئۆپزسین بوونی و داوای کردووە پۆستی بۆ لەبەرچاو بگیردرێت و بەشدار بێت لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان،ئەمە ڕاستە؟

نا، بە هیچ شێوەیەک ئەمە ڕاست نییە و ئێمە داوامان نەکردووە. بەڵام ئاساییە ئەگەر ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت بیەوێت گفتوگۆ لەگەڵ لایەن و حزبێکی ناو پەرلەمان بکات و بانگهێشتی بکات بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە حکوومەتدا و ئەو حزبەش سەرپشکە لەوەی بەشدار بێت یان بە ئۆپۆزسیۆنی بمێنێتەوە و چاودێری حکوومەت بکات. بەڵام تا ئیستا داوا لە کۆمەڵ نەکراوە و داخوازی فەرمیمان نەبووە و کۆمەڵ هەر بە ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە.

پاراستنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر لەگەڵ تاران و واشنتۆن، حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێمیش دەبێ بە وریایی بجووڵێتەوە، وەک کەسێکی بە ئەزموون لە بواری سیاسی و دیپۆلماسی، پێشنیارتان چییە ؟

 سەرەتا ئێمە لەگەڵ ئەوەین ئەم کێشە و ئاڵۆزیانەی ماوەیەکە دەوری ناوچەکەی گرتووەتەوە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە دیالۆگ چارەسەر بێت. چونکوو دڵنیاین لەوەی شەڕ و ئاڵۆزی لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە نییە بەهەموو پێکهاتەکانی ئایینی و نەتەوەییەوە.

بەڵام هەڕیمی کوردستان ئیستا ئەوە لە بەرژوەندی دایە کە هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانیدا بپارێزێت و بێ لایەن بێت لە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران و پەیڕەوی بکات لە هەڵوێستە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ. گومان لەوەدا نییە کۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتێکی گرینگە لە ناوچەکە و بۆ هەرێمیش دراوسێیەکی ستراتێژیکە و پەیوەندیمان لەگەڵی هەیە و بۆمان زۆر گرینگە بەڵام  ئەمریکاش زلهێزێکی جیهانییە و پەیوەندی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانیش هەیە. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین ئه‌مه‌ریكاش هه‌وڵ بدا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ و دانوستاندن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. شه‌ڕو ئاڵۆزی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌س نیه‌ و به‌تایبه‌ت گه‌لانی ناوچه‌كه‌ زیانی زۆر ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی گه‌لانی ئێران كه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌مان زۆر به‌لاوه‌ ناخۆشه‌.

News Code 27099

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 0 =