بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەردار قاسم ڕەزایی لە سەفەری خۆی بۆ پارێزگای کوردستان لە گەڵ لیوا فەخرەدین عەبدوڵڵا حەمد سەعید کەلانتەری سنووریی ناوچەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دیدار و گفتوگۆی کرد.
فەرماندەی سنوورڤانیی ناجا لەو دیدارەدا ڕایگەیاند: هیوادارم دەسکەوتەکانی ئەم دانیشتنە ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ دانیشتووانی سنووری و بەرزبوونەوەی ئاسایشی سنوورەکانی دوو وڵات لە ناوچەی بانە، مەریوان و سلێمانی.
ڕاشیگەیاند: بێ شک بەرزبوونەوەی بەڕێوەبەریی سنوورەکان پەیوەستە بە شەڕ لە دژی گرووپگەلی تەکفیری و تیرۆریستی، پێشگری لە هاتوچۆی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەکان لە کەرتی سنووریدا.
بەرپرسی باڵای سنوورڤانیی ناجا وتیشی: بە هەوڵ و تێکۆشانی سنوورڤانانی دوو وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق، ئاسایشێکی گونجاو لە ناوچەی بانە و مەریوان جێگرە و پێویستە بۆ سەقامگیریی ئاسایشی ئەو ناوچەگەلە، هەوڵی زیاتر بدرێت.
سەردار ڕەزایی بە ئاماژە بە پەیوەندیی تۆکمەی سنوورڤانیی ئێران و عێراق، جەختی کرد: دۆستایەتیی دوو وڵات حاشاهەڵنەگر و دڕکی چاوی دوژمنان و نەیارانە.
فەرماندەی سنوورڤانیی ناجا لە کۆتایی ئەو دیدارەدا ڕایگەیاند: بە ئاوردانەوە لە دۆخی هەستیاری ناوچە و سازدانی دانوستانی گونجاو لە پێناو گەشتە هاوبەشەکان لە سنوورگەلی ئێران و عێراق، لە داهاتوویەکی نزیکدا دانیشتنی سنووری هاوبەش لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەرێوە دەچێت.
Your Comment