ئەمیر حسێن زەمانی نیا لە گفتوگۆ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر، سەبارەت بە گرینگترین سیاسەتەکانی گەشەی بازرگانیی نەوتی خاوی ئێران لە سەردەمی پاش گەمارۆوەکان، وتی: ڕێژەی بەرهەم هێنان و هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە دوو قۆناغدا، سەرجەم بۆ یەک میلیۆن بەرمیل لە رۆژدا بەرز دەبێتەوە.
جێگری کاروباری نێونەتەوەیی و بازرگانیی وەزیری نەوت دوای داکۆکی لەوەی کە بۆ ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بەردەوام وڵاتانی ئاسیایی و ئەورووپایی گرینگترین بازاڕەکانی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بوون، ڕوونی کردەوە: ئێران دەیەوێ لە سەردەمی پاش گەمارۆوەکان جگە لە ئاسیا و ئەورووپا بەشێک لە نەوتی خاوی هەناردەی ئەمریکای باشوور و ئەفریقا بکات.
ئەم بەرپرسە بە جەخت لەوەی کە بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی خاو مافی سەلمێنراوی ئێرانە، ڕایگەیاند: بەو پێیە سیاسەتی ئێران ئامادەبوون و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت بە لانیکەمی کاریگەری دانان لە سەر نرخی جیهانی زێڕی ڕەش دەبێت.
جێگری کاروباری نێونەتەوەیی وەزارەتی نەوت لە کاتێکدا ئەمریکای باشووری وەک بازاڕێکی نوێی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە سەردەمی پاش گەمارۆوەکان ناساند، کە لەم دواییانەدا کۆمەڵێک دانوستان لە نێوان ئێران و بەڕازیل بۆ بنیاتنانی پاڵاوگە و هەناردەی نەوت دەستی پێکردووە.
عەباس کازمی جێگری وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگە و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان، لەم دواییانەدا لە گفتوگۆ لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی مێهر بە خستنەڕووی دانوستانە جۆراوجۆرەکان لە گەڵ کۆمپانیایەکی گەورەی نەوتیی بەڕازیل بە مەبەستی بنیاتنانی پاڵاوگەیەک لەو وڵاتەی ئەمریکای لاتین، وتبووی: لە بەڕازیل سەرمایەدانەرێک ئامادەیە بە شێوەی پەنجا پەنجا و بە گەرەنتی کۆی نەوتەکەی لە لایەن ئێرانەوە، پاڵاوگەیەک چێ بکات و لە سەردانە ناوچەییە ئەنجام دراوەکان، لە سەدا ٥٠ی سەرمایەکان لە لایەن کەرتی تایبەتی بەڕازیل و ۵۰ لە سەدی سەرمایەدانەرییەکان لە لایەن ئێرانەوە دابێن دەکرێت.
جگەوە لەوە، سەید موحسێن قەمسەری بەڕیوەبەری کاروباری نێونەتەوەیی کۆمپانیای نەتەوەیی نەوت، پێشتر بە ئاماژەدان بە ئامادەیی دەربڕینی ئەفریقای باشوور بە مەبەستی لە سەرگرتنەوەی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی گەمارۆوەکان، وتبووی: تا بەر لە تەشەنەسەندنی گەمارۆوەکان وڵاتانی ئەفریقایی وەک مەراکێش و ئەفریقای باشوور بەشێک بوون لە کڕیارانی نەوتی ئێران.
بە ڕاپۆرتی مێهر، بوونی پشک یان خاوەندارێتیی پاڵاوگە نەوتییەکان لە دەرەوەی وڵات دەتوانێ لە درێژەخایەندا باری ئەمنیی نەوتی هەناردەکراوی ئێران دەستەبەر بکات. لەو ڕووەوە لەم دواییانەدا ڕێککەوتنی کۆتایی چێکردن و بنیاتنانی پاڵاوگەیەکی ۳۰۰ هەزار بەرمیلی نەوتی لە ناوچەی ئەمریکای باشوور و لە نێوان ئێران و کۆمپانیایەکی بەڕازیلی واژۆ کراوە.
Your Comment