بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە کەناڵی ئەلجەزیرە، لوتکەی بەپەلەی ڕێبەرانی عەرەب و ئیسلامی لە دەوحە بە وتارێکی ئەمیری قەتەر دەستی پێ کرد.
شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر ڕایگەیاند: پایتەختەکەمان کەوتە بەر هێرشێکی ترسنۆکانە، بینایەک کرایە ئامانج کە بنەماڵەی سەرکردەکانی حەماس و تیمی دانوستانکاری بزووتنەوەکەی تێیدا مابوونەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: "هاووڵاتیانی ئێمه تووشی سەرسووڕمان بوون و هەموو جیهان تووشی شۆک بوون بەم دەستدرێژی و کردەوه تیرۆریستییه ترسنۆکانه ، شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززه بۆته شەڕ وێرانکاری و ژینۆساید".
شێخ تەمیم وتی: دۆحە میوانداری شاندی حەماس و ئیسرائیلی کرد، نێوەندگیریی ئێمەش بووە هۆی ئازادکردنی زیندانیانی ئیسرائیل و فەلەستینی، لە کاتی ئەم هێرشە ترسنۆکانەدا سەرکردایەتی حەماس بیر لە پێشنیارێکی ئەمریکی دەکردەوە کە لە ڕێگەی ئێمە و میسرەوە وەریگرتبوو.
وتی: شوێنی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆ تاوتوێکردنی پلانی ئەمریکی بۆ هەمووان زانرا. ئەگەر ئیسرائیل بەنیازی تیرۆرکردنی سەرکردایەتی سیاسی بزووتنەوەی حەماسە، کەواتە بۆچی دانوستان لەگەڵیدا دەکات؟ دەستدرێژی ئیسرائیل ئاشکرا و ترسنۆکانەبوو. هەرکەسێک بە بەردەوامی و بە مەبەست لایەنی دانوستانکار بکاتە ئامانج، لە ڕاستیدا هەوڵی پووچەڵکردنەوەی دانوستانەکانە.
تەمیم جەختی لەوە کردەوە: ئیسرائیل هەوڵدەدات غەززە بکاتە ناوچەیەکی بێژیان و چۆڵەوانی و ئاوارەبوونی دانیشتووانەکەی.
ئیسرائیل بەرەو دابەشکردنی سووریا هەنگاو دەنێت و پلانەکانی جێبەجێ ناکرێن. نەتانیاهۆ خەونی ئەوە دەبینێت کە ناوچەی عەرەبی بکاتە ناوچەیەکی کاریگەری ئیسرائیل و ئەمەش وەهمێکی مەترسیدارە.
Your Comment