ئاژانسی هەواڵی مێهر بەشی نێودەوڵەتی: عەدنان مەنسوور وەزیری دەرەوەی پێشووی لوبنان لە لێدوانێک بۆ وەردە سەعد، هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەبارەت بە وتاردان نەبیە بێری، سەرۆک پەرلەمانی لوبنان کە وتبووی "دەوڵەت ئامادەی گفتوگۆیەکی ئارام لەبارەی چەکی بەرخۆدانه"، وتی: لەو وتاردانە کە نەبیە بێری بە بۆنەی 47ـهمین ساڵوەگەری جەنایەتی ڕفاندنی ئیمام سەید مووسا سەدر ئاراستەی کرد و چەکی بەرخۆدانی بە شەڕەف و سەرفەرازیی لوبنان زانی، نیشان دەدا کە ئەو وەک کەسێکی پلەبەرز لە لوبناندا ئاگاداری وردەکارییەکانی کاروبارەکە و هەستیارییە ناوخۆییەکانی لوبنانە و تێدەگات کە لە ڕەوتی ململانێی میدیایی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، باڵگەلێک هەن کە لە پەنای پڕۆژەی ئەمریکایی بۆ چەکدانان وەستاون. بەوەشەوە قسەکانی بەری تەواو ڕوون و ئاشکرایە و ئەو کاتێک باس لە بەڵگەی ئەمریکایی یان ڕەوتی چەکدانانی بەرخۆدان وەک پلانێکی ئەمریکایی کە دەوڵەتی لوبنان قبووڵی کردووە، بە تێبینی و هوشیارییەوە دەدوێت، نیشان دەدا کە ئاگاداری وردەکارییەکانە و دەزانێت کە چەکدانانی بەرخۆدان نامومکینە.
وەزیری دەرەوەی پێشووی لوبنان بە ئاماژە بە داگیرکرانی بەشگەلێک لە خاکی لوبنان وەک ئاستەنگی سەرەکیی بەردەم چەکدانانی حزبوڵڵا، وتیشی: هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نییە کە داگیر کرابێت و داگیرکەر لە ناو خاکیدا بێت و چەکی خۆی تەسلیم کردبێت. ئەم بابەتە جێی قبووڵکردن نییە، بە تایبەت بۆ خەڵکی لوبنان کە بۆ ئازادیی وڵاتەکەیان بەهایەکی قورسیان بۆ ئازادی داوە. هەر بۆیە چاوەروان دەکرێت کە گفتوگۆگەلێکی ئارام بە واتای پشتبەستن بە لایەنی نیشتمانخوازییەکی باڵاوە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی بگەن بە خاڵی هاوبەش و بڕیارێک بدرێت کە یەکگرتوویی لوبنان، مافی گەلی لوبنان و سەروەریی لوبنانی تێدا دەستبەر بکرێت.
ناوبراو هێرش و هەڕەشەی بەردەوام و ڕۆژانەی زایۆنییەکان بە درۆن و هەڵمەتی تیرۆریستی و پێشگری لە گەڕانەوەی خەڵکی باشووری لوبنان بۆ سەر گوند و زێدەکانیانی بیر هێنایەوە و ڕایگەیاند: لە ئاوەها دۆخێکدا چون دەکرێ چاوەروانی چەکدانان لە بەرخۆدان بکەین. لە دوای ڕێککەوتنی ئاگربڕ لە 27ی نوامبێری ساڵی ڕابردوو، دەبینین کە لوبنان پابەندی ئاگربڕ بووە و تەنانەت گولەیەکیشی بەرەو ئیسرائیل نەتەقاندووە و ئەوە ئیسرائیلە کە بەردەوامە لە هێرش و دەستدرێژییەکان و زیاتر لە 4 هەزار جار پەلاماری خاکی لوبنانی داوە و بۆتە هۆی شەهیدبوونی 260 کەس و برینداربوونی 1500 کەس. بۆیە تێدەگەم بۆ نەبیە بێری ئەم هەڵویستەی گرتۆتە بەر؛ هەڵویستێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە دەستهەڵنەگرتنی حزبوڵڵا لە چەکەکەی و ئەو بە لێدوانەکانی دەیەوێ بە هەموو جیهان و لەوان ئەمریکا و ئیسرائیل بڵێت کە چەکدانان تا کاتێک دوژمنی زایۆنی وڵاتەکەمانی داگیر کردبێت، کارێکی ئاسان نییە و ئەمە پێویستی بە گەڕەنتیدان بە لوبنان و بەرخۆدانە. ئەویش لە کاتێکدا کە دەزانین ئیسرائیل چاوی لە پەرەدان بە سنوورەکانی لە دەرەوەی فەلەستینی داگیرکراو و لەوان وڵاتی لوبنانە.
عەدنان مەنسوور هەروەها لەبارەی هەوڵەکانی ئەمریکا و داشداریی واشنتۆن لە دانوستانەکاندا، ڕوونی کردەوە: ناردراوان و سیاسەتوانانی ئەمریکایی و لەوان چەند ئەندامێکی کۆنگریسی و چەند نوێنەرێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەدوای چەکدانانی حزبوڵڵاوەیە. ئەمە هەمان شتێکە کە ئەمریکا لە لوبنان و دەوڵەتی لوبنانی چاوەروان دەکات، چونکە باش دەزانێت کە ئەگەر بەرخۆدان چەک دابنێت، ڕێنوێنکردنی لوبنان بەو ئاراستەی کە ئەمریکا لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوین دەیەوێ و ڕێکخستنی دۆخی ناوچەکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاسانتر دەبێت. هەڵبەت لوبنان هەرگیز ناچێتە ئەو ڕیزبەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە و نابێتە گەمەجاری دەستی دیتران.
وەزیری دەرەوەی پێشووی لوبنان هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستی لوبنان لەو هەلومەرجەدا، ڕاشیگەیاند: دیارە هەڵمەتی چەکدانان ناتوانێ بە ئاسانی ئەنجام بدرێت. واتە ئەگەر ڕادەستکردنی چەک بەر لەو گەڕەنتییانەی کە دەبێ بۆ ئاسایشی لوبنان تەیار بکرێت، ئەنجام بدرێ، دەبێ هێزی سەربازی لە لوبناندا پێکبێت. هێزێک کە پێش بە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بگرێت کە ئیسرائیل لە داهاتوودا دژی ئەو وڵاتە ئەنجامی بدات. لە لایەکی ترەوە بەرخۆدان ناتووانی چەکی خۆی ڕادەست بکات و خۆی تەسلیمی دوژمنی زایۆنی بکات. هەر بۆیە دەبێ بە پلانی چەکداناندا بچنەوە، چونکە ئەگەر دەوڵەتی لوبنان بیەوێ ئەو کارە بە زۆر و زەخت ئەنجام بدات، ئەوە دەبێت هۆی تێوەگلاندنی لوبنان لە شەڕی ناوخۆیی و تێکچوونی پێکهاتەی نیشتمانی و زیانگەیاندن بە یەکڕیزی ناوخۆیی و ڕەشکردنەوەی داهاتوو و سەروەریی لوبنان و ئەوە هەمان شتێکە کە ڕژیمی زایۆنی و پاڵپشتانی بۆ لوبنانیان دەوێ.
ئەو کارناسە عەرەبە لە وەڵامی پرسیار لە گەڕەنتییە پووچەکانی ئەمریکا و بێڕێزیی بە ئاسایش و داهاتووی لوبنان لە ئەگەری چەکدانانی بەرخۆدان، جەختی کرد: دیارە نوێنەرانی ئەمریکایی هیچ بەهایەک بە کشانەوەی ڕژیمی زایۆنی لە خاکی لوبنان نادەن و بگرە پاڵپشتیش لە دەستدرێژیی ڕۆژانەی ئەو ڕژیمە دەکەن. کۆمیتەی پێنج قۆڵیی کە سەرۆکایەتییەکەی بە ئەمریکایە، دەبێ بۆ پابەندبوونی لایەنەکان بە ئاگربڕ هەوڵ بدات، بەڵام دەبینین کە لە 9 مانگی ڕابردووەوە هیچ هەوڵێکی بۆ ناچارکردنی ئیسرائیل بە ئاگربڕ نەداوە و تلاڤیڤ هێشتاش خەریکی شەڕی داڕمان لە دژی لوبنانە. ئەوەیە کە ئەمریکا بە هەموو جۆرێکەوە خوازیاری چەکدانانی بەرخۆدانە و کاتێک کە بەرپرسانی لوبنانی داوای گەڕەنتیی کشانەوەی ڕژیمی زایۆنی لە سەرزەوینە داگیرکراوەکانی لوبنان لە ئەمریکا دەکەن، ئەوان ڕاشکاوانە دەڵێن کە هیچ گەڕەنتییەک نادەن و ئیسرائیل خۆسەرانە دەجووڵێتەوە.
وتیشی: لەو سۆنگەوە ئەم نیگەرانییە هەیە کە ڕادەستکردنی چەک، لوبنان بخاتە ژێر داگیرکاریی ڕژیمی زایۆنی و لەم ناوە ئەمریکاش پاڵپشتی دەکات لە هەر هەنگاوێکی ڕژیمی زایۆنی و بۆی گرینگ نییە کە ئەو کارە درێژەدان بە داگیرکاری و دەستدرێژی و تیرۆر و پەرەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە داگیرکارییەکان لە لوبنان بێت و ئەوە بەو مانەیە کە ئەوان دەیانەوێ لوبنان بەبێ هیچ مەرجێک تەسلیم بێت و ئەمە کارێکی چەتوونە و لوبنانییەکان و بە تایبەت بەرخۆدانی لوبنان ناتوانێت چەکی خۆی بەو شێوازە تەسلیم بکات.
عەدنان مەنسوور جەختی لەوە کرد: ئەوڕۆکە ڕژیمی زایۆنی دەڵێ گوندەکانی باشووری لوبنان لە ژێر کۆنتڕۆڵی سەربازیی ئەودایە و ئەو ڕێگەی گەڕانەوە بە گوندنشینانی ئەوێ نادات و لە ناوچەکانی تریش ڕێی گەڕانەوەی لوبنانییەکان بۆ شار و زێدەکانیان داخراوە و ئەوە چ ناگەیێنێت، جگە لەوەی کە ڕژیمی زایۆنی دەیەوێ لە داهاتوودا ئەو ناوچانە رەڤڵی خاکی خۆی بکات، هەر وەک چۆن لە قودسی ڕۆژهەڵات و بەرزاییەکانی گوڵاندا کردی. کەواتە زایۆنییەکان تا کاتێک کە ئەمریکایان لە پشت بێت، بەردەوام دەبن لە تەڤڵکردنی خاکی وڵاتانی تر بە سەرزەوینە داگیرکراوەکانیان و لەو ئەگەرەدا هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ بەرگری لە سەرزەوینی خۆی بکات. هەر بۆیە لوبنانییەکان مافی وەرگرتنەوەی خاکی وڵاتی خۆیان هەیە و تا کاتێک بەرەوڕووی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی خۆیانن و هێرشی زایۆنییەکان بۆ سەر لوبنان بەردەوامە، مافی ئەوەیان هەیە لە بەرامبەریدا بەرخۆدان و بەرگری بکەن.
Your Comment