بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە "المیادین"، ئادام عەبداڵ مولی هاوئاهەنگکەری کاروباری مرۆڤدۆستانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا، بە ئاماژە بە گەڕانەوەی 2.5 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر سووری بۆ وڵاتەکەیان لە پاش ڕووخانی بەشار ئەسەد، وتی: ئێستاکە نزیکەی 16.5 ملیۆن کەس لە هاووڵاتیانی سووریا پێویستیان بە یارمەتیی مرۆڤدۆستانەیە.
وتیشی: سووریا هێشتاش بەرەوڕووی گرفت و قەیرانی ئاوارەکانە، چونکە زیاتر لە 6 ملیۆن سووری هێشتا لەناوخۆی وڵاتەکەیان بە هۆی ڕووخانی ماڵ و زێدەکەیان ئاوارەن و هاوکات زیاتر لە 6 ملیۆن کەسیش لە وڵاتانی دیکەدا پەنابەرن.
عەبداڵ مولی بە ئاماژە بە زیان دیتن و ڕووخانی لەسەدا 24ی ماڵەکان لە سووریا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، جەختی کرد: بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی دژواری خەڵکی ئەم وڵاتە، بوودجەیەک کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داکۆکی و پاڵپشتی لەو بوارەدا تەرخانی کردووە، زۆر کەم و بەرچاو نەهاتووە.
Your Comment