AP ١٤٠٣ ڕەشەمە ٥ ١٠:٤٩

"سەید حەسەن نەسروڵڵا" چۆن بوو بە "قارەمانی نەتەوەیی" لوبنان؟

"سەید حەسەن نەسروڵڵا" چۆن بوو بە "قارەمانی نەتەوەیی" لوبنان؟

شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا نە تەنیا سەربەخۆیی و تەواوەتی سەرزەوینی لوبنانی پاراست، بەڵکوو پارێزەری سەربەرزی و شەڕەفی عەرەبی-ئیسلامی لە بەرامبەر ڕژیمی داگیرکاری قودس بوو.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لە دوا ڕۆژانی سێپتامبێری 2024، کاتێک بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژیمی زایۆنی سەردانی نیۆیۆرکی دەکرد بۆ وتاردان لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆربەی میدیاکان شیمانەی ڕێککەوتنی ئاگربڕ لە بەرەی باکووریان دەدا و هەر بۆیە هاوکاتی ئەوەی سەرکردەکانی لوبنانی چاوەروانی بیستنی هەواڵی ئیجابی لە واشنتۆن بوون، بەرپرسانی باڵای بەرخۆدان و سپای پاسداران کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان لە بنکەی سەرەکی بۆ لێکدانەوەی دوا هەلومەرجە مەیدانییەکان بەڕێوەبرد.

کەچی ڕێک لەو کاتەدا ڕێبەری پارتی لیکۆد بەر لە دەسپێکی وتاردانی، لە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل فەرمانی تیرۆری سەید حەسەن نەسروڵڵای و هەموو فەرماندەکانی بەرخۆدانی دا. فرۆکە جەنگییەکانی ڕژیمی زایۆنی وەک بڵێی پێشتر ئامادەی ئەو فەرمانەن، لە هێرشێکی تیرۆریستیدا بە هەڵگرتنی سەدان تۆن ماددەی تەقەمەنی، ڕوویان لە بنکەی سەرەکیی حزبوڵڵا لە ناوەڕاستی بەیرووت کرد و تا لە شەهید کرانی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا ئەرخەیان نەبوون، نەکشانەوە. بەڵام بەپێچەوانەی بۆچوونی زایۆنییەکان ئەم ڕووداوە نە تەنیا کۆتایی بەرخۆدانی ئیسلامیی بەدواوە نەبوو، بەڵکوو ورەیەکی نوێی وەبەر جەستەی بەرخۆدان هێنا و بۆ هەمیشە شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵای کردە "قارەمانی نەتەوەیی" لوبنان.

لە قوتابییەکی ئایینی تا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا

40 ساڵ لەوە پێش کاتێک تانکەکانی ئیسرائیلی بە بیانووی بەرخۆدان دژی ڕێکخراوی ئازادیبەخشی فەلستین لە شەقامەکانی بەیرووتدا ڕێژە دەچوون، گرووپێکی ئازای لوبنانی لە دڵی بزووتنەوەی ئەمەل سەری هەڵدا کە دواتر بە بەرخۆدانی ئیسلامی لوبنان ناسرا.

ئەمان بە پێڕەوی لە قوتابخانەی شۆڕشی ئیسلامی و کەسایەتیی ئیمام(رە) توانیان لە دژی دوژمنی داگیرکەر ڕاپەڕن و لە 23ی ئاکتەوبری 1983 بنکەی داگیرکەرانی ئەمریکایی لە بەیرووت بکەنە ئامانج و ببنە هۆی کوژرانی 241 چەکداری ئەمریکایی و 58 سەربازی فەڕەنسی.

کەواتە سەید حەسەن نەسروڵڵا لە ماوەی ژیانیدا نیشانی دا کە چۆن گرووپێکی ظکۆلەی چریکی بە سەرکردایەتی ژیرانەی ئەو لە پاش شەهیدکرانی عەباس مووسەوی، توانێ ببێتە گەورەترین ڕەوتی سیاسی-سەربازیی ئێستای لوبنان. هەروەها نیشانی دا کە گوتاری بەرخۆدان نە تەنیا لە کاتی شەڕ و قەیران لاواز نابێت، بەڵکوو بە هۆی ورەی شەهیدخوازی، تۆکمەتریش دەبێت.

کەسایەتیی کلیلی لە پڕۆسەی دەوڵەت-نەتەوەسازیی لوبنان

شەهید نەسروڵلا ڕۆڵێکی بەرچاوی بوو لە کامڵ‌ىوونی پڕۆسەی دەوڵەت-نەتەوەسازیی لوبنان و گرنگترین دەرکەوتەی نەتەوەخوازانە و بەرپرسانەی سەید حەسەن بە ئاسایشی لوبنان لە ماوەی شەڕی گەردەلوولی ئەقسادا بەرچاوە. چونکە شەهید نەسروڵڵا لەو شەڕەدا و سەرەڕای پێشنیارە هەڵفریوێنەرەکانی فەڕەنسا و وڵاتانی تر، ژیرانەتریان هەڵوێستی بە قازانجی وڵاتەکەی گرتە بەر و بۆیە ئەوڕۆکە دەبینین کە خەڵکی لوبنان لە پێکهاتە جۆراوجۆرەکان ئەو بە کەسایەتییەکی نەتەوەیی بزانن و تەنانەت مەسیحییەکانی لوبنان ڕایانگەیاندووە کە بەشداری ڕێوڕەسمی بەڕێکرانی ڕێبەری مەعنەویی لوبنان دەبن.

قوتابخانەی بەرخۆدان، دەستەبەرکەری ئاسایشی ناوچە

لە سەردەمێکدا کە شەهیدانی وەک نەسروڵلا و هەنیە لە ڕیزی بەرخۆداندا نین، نتانیاهۆ و ترامپ جەسارەتی ئەوەیان بەخۆ داوە کە خوازیاری دەستکاریی دیموگرافیای ناوچە و فەلەستین بوون. لەو سۆنگەوە شرۆڤەکاران لایان وایە کە زمانی توندی سەرکردەکانی ئیسرائیل هەمبەر بە دەسەڵاتدارانی وڵاتانی عەرەبی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بوونی کەسانی وەک شەهید نەسروڵڵا هۆکاری بەرگری لە بەرامبەر زێدەخوازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەدا بووە و ئەگەر حزبوڵڵا پێش بە ئەرتەشی پڕچەکی زایۆنی نەگرێت، ئەوا وڵاتانی عەرەبی دەبێ خۆیان ئامادەی ڕاپەڕاندنی پیلانی "ڕۆژهەڵاتی ناوینی گەورەی نوێ" بکەن.

News ID 54089

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha