AP ١٤٠٢ گەڵاڕێزان ٢٦ ١٣:٠٨

به ناوه‌رۆکی هونه‌ری ـ گه‌شتیاری‌;

فێستیڤاڵی فیلمی "ئاسمان" لە شاری مەهاباد به‌ڕێوه‌ده‌چێت

فێستیڤاڵی فیلمی "ئاسمان"  لە شاری مەهاباد به‌ڕێوه‌ده‌چێت

یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سه‌رئاوه‌ڵای "ئاسمان" به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هونه‌ری و گه‌شتیاری‌ لە لایەن ئەنستیتۆی فیلمسازی "لاوان فیلمی موکریان"، لە شاری مەهاباد به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر, ئەنستیتۆی فیلمسازی "لاوان فیلمی موکریان" بە هاوکاری و پشتیوانی شاره‌وانی و کۆمیسیۆنی که‌لتووری شۆڕای شاری مەهاباد، ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و هه‌روه‌ها ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی مەهاباد؛ یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی کورته‌فیلم، سیناریۆ و فۆتۆگڕافی سه‌رئاوه‌ڵای "ئاسمان" له‌ سه‌ر ته‌وه‌ره‌‌کانی هونه‌ری و گه‌شتیاری‌ لە شاری مەهاباد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌بات.

ئه‌م فێستیڤاڵه، له‌ سه‌ر بنه‌مای بەرزکردنەوەی ئاستی هونه‌ری سینه‌ما و ڕۆشنبیری و که‌لتووری ناوچه‌که، ڕاکێشانی هۆگرانی گه‌شتیاریی لە شاری مەهاباد و ناوچه‌که؛ له سه‌ره‌تای مانگی سێپته‌مبه‌ری هه‌موو ساڵێک بۆ ماوه‌ی ٤ ڕۆژ له گۆڕه‌پانی سه‌ره‌کی شاری جوان و گه‌شتیاری‌ مەهاباد به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له فێستیڤاڵی فیلمی "ئاسمان"، به‌رهه‌مه‌ سه‌ره‌کی و لاوه‌کییه‌کان؛ هه‌موو شه‌وێک له شوێنی سه‌رئاوه‌ڵای گۆڕه‌پان و ناوچه‌ی سه‌ره‌کی شاری ‌واته "گۆڕه‌پانی مه‌نگوڕان" له ٢ سانسی پیشان ده‌درێن و به درێژایی ڕۆژیش، کۆر و کۆبوونه‌وه‌ی پسپۆڕانه و ڤۆرکشۆپی فێرکاریی به ئاماده‌بوونی مامۆستایان و کارناسانی به‌رچاو و شاره‌زای سینه‌ما و فۆتۆگڕافی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

میوانانی ئاماده‌بوو له فێستیڤاڵ و ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی که له کاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه‌‌ سه‌ردانی شاری مەهاباد و ناوچه‌ی موکریان ده‌که‌ن؛ به شێوه‌ی هاوکاتیش، له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندی و توانا فه‌رهه‌نگی و هونه‌رییه‌کانی ئه‌م ناوچه ڕه‌سه‌ن و جوانه ئاشنا ده‌بن. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه، به‌رنامه لاوه‌کییه‌کان بۆ ناساندنی که‌لتوور و ڕۆشنبیری مه‌هاباد و ناوچه‌که داڕێژڕاوه و پلانی بۆ داندراوه و به درێژایی ڕۆژ، له ناوچه جۆراوجۆره‌کانی شاری ماهاباد پێشکه‌ش ده‌کرێن.

ئەنستیتۆی فیلمسازی "لاوان فیلمی موکریان"، ساڵی ڕابردوو؛ یەکەمین خولی فێستیڤاڵی سیناریۆنووسی "لاو" لە پێناو ناساندن و بردنەسەرێی ئاستی سیناریۆنووسی ناوچەکە، به سه‌رکه‌وتوویی و له ئاستێکی گونجاودا بەڕێوەبرد که هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌کانی ئه‌م ڕووداوه گرینگه سینه‌ماییه له ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی سه‌رتاسه‌ری ئێران و هه‌روه‌ها هه‌رێمی کوردستان، پێشوازییه‌کی بێوێنه‌ی لێکرا و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌ربڵاویی به‌دواوه بوو.

News ID 48053

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha