بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، د. عادڵ محەمەدی توێژەری کوردی بواری زمانناسی و خەڵکی شاری دێولان، سێ کتێبی توێژینەوەیی-ئاکادیمی کە بریتین لە "فەرھەنگی وەسفیی شیکردنەوەی گوتار و مەبەستناسی؛ ئینگلیزی-کوردی"(بەهاوکاریی د. ڕەحیم سورخی)، "سەرەتایەک بۆ میتۆدی توێژینەوە"(وەرگێڕان) و "هەنگاو بە هەنگاو نووسینی وتاری زانستی"(وەرگێڕان)ی لە ئاکادیمیای کوردی، ئاکادیمیای زمانی فەڕەنسا و ستراتژی نایشێنی ئەڵمانیا چاپ و بڵاو کردەوە.
د. محەمەدی لەبارەی کتێبی یەکەمیان ڕایگەیاند کە "ئەم فەرھەنگە، وا بە هەوڵی دەزگای ئەکادیمیای کوردی چاپ و بڵاو کرایەوە، کاری ھاوبەشی ٦ ساڵەم لەگەڵ "د. ڕەحیم سۆرخی"ـیە کە زاراوە سەرەکییەکانی دوو بواری شیکردنەوەی گوتار(Discourse Analysis) و مەبەستناسی(Pragmatics)ی لە دووتوێی 2000 لاپەڕەدا لەخۆ گرتووە.
ئەم توێژەرە ئاماژەی بەوەش دا: ھەر زاراوەیەک لە "فەرھەنگی وەسفیی شیکردنەوەی گوتار و مەبەستناسی"دا ھاوتا ئینگلیزییەکەی لەگەڵە و بەتێروتەسەلی چەمکەکان بە کوردی وەسف و ڕوون کراونەتەوە. بەتایبەتی، تیۆر و ڕێبازی شیکردنەوەی ڕەخنەیی گوتار کە لە کوردی کاری زۆر لەسەر نەکراوە، بۆیە ئەم فەرھەنگە سەرچاوەیەکی پێویستە بۆ توێژەران و خوێندکارانی بوارەکانی زمانناسیی کارەکی، کۆمەڵناسی، زانستە سیاسییەکان، فەلسەفە و ڕەخنەی بیردۆزیی ئەدەبی و شیکردنەوەی دەق، و میدیا و ڕاگەیاندن.
پێشتر کتێبی "تێگەیشتنی هەڵە لە زمان" لە د. عادڵ محەمەدی بە سێ زمانی کوردی-ئینگلیزی-فارسی لە لایەن بڵاوگەی 49 کتێب لە سوید چاپ و بڵاو بۆتەوە.
Your Comment