بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، میدیای فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، مەرجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروست دەکەن و کۆمسیۆنیش دەخەنە دۆخێکی دژوارەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی ئایاری 2024، رۆژنامەی سەباح هەواڵێکی دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێداگریی لەسەر بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات ئەگەر گفتوگۆ لەسەر مەرجەکانی نەکرێت.
جەختیش کراوە کە ئەمە دۆخێکی دژوار بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دروست دەکات، چونکە لە کۆتایی ماوە یاساییەکەی نزیک دەبێتەوە، ئەگەرهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران ماوەی ئەرکەکانی درێژ نەکاتەوە.
لە هەواڵەکەدا هاتووە کە درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکەکانی کۆمسیۆن پێویستی بە هەمواکردنی یاسای کۆمسیۆن هەیە.
لای خۆشیەوە سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بە رۆژنامەکەی راگەیاند: پارتی بڕیاری داوە بە بێ هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد و سەرپەرشتی لایەنە شەرعییەکان بەشداری نەکات.
وتیشی: "ئامانجی پارتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لەسەر بنەما دیموکراسییەکان نەک دواخستنی، ئەگەر هاتوو بە بێ هاتنە دی مەرجەکان هەڵبژاردن دوابخرێت بەشداری تێدا ناکەین".
پەرلەمانتارەکەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو کە هەڵبژاردن لە 10ی حوزەیرانی داهاتوودا ناکرێت، ئەویش، "بە هۆی هەڵوێستی پارتییەوە کە گەورەترین کوتلەی سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا و پێمانوایە مەحاڵە بە بێ بەشداری پارتی بکرێت".
سەبارەت بە گرفتی تەمەنی کۆمسیۆنیش سەباح سوبحی رایگەیاند: ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت رێگەچارەیەکی یاسایی بۆ بەردەوامبوونی کارەکانی بدۆزێتەوە.
Your Comment