Publish Date: ٢٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٤ - ١٩:٥٦

گۆڤاری میدل ئیست ئای لەبارەی سیاسەتی ئێستاکەی تورکیا بۆ گەڕانەوە سەر پڕۆسەی ئاشتی نووسی: بە ئەگەری زۆرەوە تورکیا گوشاری سەربازیی خۆی بۆ سەر پەکەکە درێژە پێ دەدا و هاوکات دەرگای دانوستان بەکراوەیی دەهێڵێتەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە گۆڤاری میدل ئیست ئای، پێدەچێت هەوڵەکان بۆ دەسپێکی گفتوگۆی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە پاش هێرشەکەی مانگی ڕابردوو بۆ سەر کۆمپانیای جیهازاتی بەرگریی تورکیا لە ئەنقەرە، تووشی ئاڵۆزی هاتووە.

ئەو هێرشە کە ٥ کوژراو و ٢٢ برینداری لێ‌ کەوتەوە، لە لایەن کارناسان و بەرپرسانی تورکیا وەک وەڵامی ڕاستەوخۆی پەکەکە بە داواکاریی دەوڵەت باخچەلی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لێک درایەوە.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی حزبی نەتەوەخوازی مەهەپە هاوکاتی تەوقەکردن لەگەڵ نوێنەری دەم‌پارتی و ناساندنیان بە ئەکتەرانی سیاسیی یاسایی لە ٣ی ئاکتەوبر، چەندین پێشنیاری بۆ چارەسەریی کێشەی کورد و لەوان پێدانی "مافی هیوا" بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرکردەی زیندانی‌کراوی پەکەکە، ئاراستە کردووە.

ڕۆژێک دوای ئەو پێشنیارە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پاش ٤٤ مانگ بێ‌هەواڵی، لەگەڵ عومەر ئۆجەلانی برازای و لە نوێنەرانی دەم‌پارتی لە دوورگەی ئیمرالی دیداری کرد و پەیامێکی بۆ دەرەوە نارد.

بەوەشەوە، هێرشی پەکەکە بۆ سەر پیشەسازیی هەوافەزای تورکیا(TAI) لە ئەنقەرە وەک پەیامێکی ڕاشکاوانە لێکدرایەوە کە ئەو گرووپە مەیلی لە دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بە پێش‌مەرجی چەک‌داماڵین و هەڵوەشاندنەوە نییە.

بەوەشەوە هەندێ لە کارناسان بە گومانن لەوەی کە پەکەکە هێندە بە دەست‌وبرد و ڕێک یەک ڕۆژ پاش لێدوانەکانی دەولەت باخچەلی توانیبێتی هێرشێکی ئاوا ئاڵۆز و خێرا وەڕێ‌بخات. ئەگەرچی بەرپرسان لە وەڵامدا دەڵێن هەوڵ و بڕیارەکانی باخچەلی چەندی حەوتە پێشتر دەستی پێکردووە و ئەمەش یانی پەکەکە دەرفەتی پێویستی بووە بۆ پلان‌داڕشتنی هێرشەکەی.

پەکەکە خۆی بەلام لەوبارەیەوە دوو ڕاگەیێندراوی بڵاوکردەوە و جەختی کرد کە ئەم هێرشە لە لایەن لقە خۆسەرەکانەوە ئەنجام دراوە و وەڵامی راستەوخۆی پێشنیارەکەی باخچەلی نەبووە.

بەڵام ئەو ڕوون‌کردنەوەیەش نەیتوانی ئەنقەرە ڕازی بکات و ئەم هێرشە بەتایبەت دوای شکستی دواهەوڵەکان بۆ دانوستان لە 2015 کە شەپۆلێکی توندوتیژیی بەدوای خۆیدا هێنا، بەرپرسانی دەوڵەتی و ڕای گشتیی تورکیای خستە گومانەوە.

ستراتژیی هوشیارانە

ئەمە ڕووداونە لە کاتێکدایە کە هێشتا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ پاراستنی خۆی لە پاشهاتە شیمانەییەکان، سەبارەت بە پێشنیارەکەی باخچەلی بێدەنگی کردۆتە پیشە و لە بری ئەو، گرووپی چکۆلە لە کاربەدەستانی نزیکی ئەردۆغان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە پەیجۆری ئەو پرسەیان گرتۆتە ئەستۆ.

ئەم ستراتژییە هوشیارانە هەندێ گومانی لێکەوتۆتەوە سەبارەت بە بوونی کەلێن و ناکۆکی لە نێوان ئەردۆغان و باخچەلی لە بابەتی پرۆسەی ئاشتی و هەر ئەمەش بۆتە هۆی دەرکردنی بەیاننامەی دوو قۆڵی ئەو سەرکردانە بۆ ڕەتکردنەوەی پاگەندەکان.

لە لایەکی ترەوە هەندێک لە نزیکانی ئەردۆغان دانیان بەوەدا ناوە کە هێشتا قەناعەتیان بە ئەنجامی ئەرێنیی دانوستانەکان لەگەڵ پەکەکە و وای لێکدەدەنەوە کە ستراتژیی سەربازی ڕاوەدوونانی پەکەکە لە تورکیا و وەدەرنانیان بەرەو باکووری عێراق و سووریا بژێرەیەکی گونجاوترە، هەر بۆیەش مەیل و ئەنگێزەیەکی زۆریان بۆ دەسپێکردنی دانوستان نییە، مەگین ئەوەی کە پەکەکە بەڵێنی ڕاشکاوانە و دیار بدات بۆ چەک‌داماڵینی یەکجاری.

لە کاردانەوە بە ویستی ئەو تاقمە، دەوڵەتی ئەنقەرە گوشارێکی زیاتری خستۆتە سەر پەکەکە و کەسانێک کە پێدەچی دەروەستیان بەو گرووپەوە بێت. وەلانانی شارەوانانی هەڵبژاردە لە دەم‌پارتی لە ئەستەنبۆڵ و سێ شاری دیکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و سەپاندنی قەدەغەی دیداری پارێزەران و تیمی یاسایی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ماوەی ٦ مانگ، نمونەگەلێکن لەو سیاسەتی گوشارە.

ئاوەها کە پێدەچێ، دەوڵەتی ئەنقەرە هەڵوێستێکی دووفاقەی هەمبەر بە پەکەکە گرتۆتە بەر؛ هەم گوشاری سەربازی و سیاسیی پاراستووە و هەمیش دەرگاکانی گفتوگۆ و دانوستانی بە کراوەیی هێشتۆتەوە.