بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەگوێرەی ئەو دۆسیەیەى لەسەر دەمیرتاش کراوەتەوە، لە چەند گوتەیەکدا کە لە شارەکانی ئەنقەرە، دیاربەکر، مێردین و مێرسین پێشکەشیکردوون، سووکایەتیی بە ئەردۆغان کردووە.
ئۆزگور ئۆزبەک، پارێزەری دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە وتەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش لە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕیندا لێکبدرێتەوە و ئەو دۆخە لەبەرچاو بگیرێت کە ناوبراو قسەکانی تێدا کردووە کە پەرلەمانتار بووە و پارێزبەندیی هەبووە.
جەختی لەوەشکردەوە، هەر لەبەر ئەوەیە ئەم دادگاییکردنە دژی یاسایە، بەڵام دەستەی دادگا داواکارییەکەی ئۆزبەکی رەتکردەوە.
دواتر دەستەی دادگا بڕیارەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی ماددەی 301 لە یاسای سزادانی تورکی و بە تاوانی "سووکایەتییکردنی ئاشکرا بە گەلی تورک، دەوڵەتی کۆماری تورکیا، حکومەتەکەی و دەسەڵاتی دادوەریی" بە ساڵێک و سێ مانگ و بە تاوانی "هاندانی خەڵک بۆ رق و کینە و دوژمنایەتی" بە ساڵێک و سێ مانگی دیکە، واتە کۆی گشتی بە دوو ساڵ و شەش مانگ سزادرا.
دوو مانگ لەمەوبەر و لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، دەمیرتاش کە ماوەی هەشت ساڵە دەستبەسەرە، لە دۆسییەی کۆبانیدا 42 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
دەمیرتاش لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگادا بەرلە ئاشکراکردنی بریارەکە و لەمیانی بەرگریی لە خۆکردنیدا وتی، "وەکو سیاسییەکی کورد بەهۆی بەکارهێنانی مافی رەخنەگرتن دادگایی دەکرێم، لەبەر تیرۆر و توندوتیژیی سزا نەدراوم، بەڵکوو لەبەر وتەکانم بە 55 ساڵ زیندانیکردن سزادراوم".
Your Comment