سەرۆکی ناوەندی دیموکراتیکی کوردەکان لە فەڕەنسا، لای وایە کە ئەنقەرە دەبێ لە نێوان مانەوە لە دۆخی ئێستادا و درێژەی شەڕ و ئاشتی لەگەڵ کوردەکان یەکیان هەڵبژێرێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: ساڵح ئازاد سەرۆکی ناوەندی دیموکراتیکی کوردەکان لە شاری مارسێی فەڕەنسا لە لێدوانێک بۆ ئانتی کاپیتالیستی ئەو وڵاتە، سەبارەت بە ڕەوتی نوێی ئاشتی لە تورکیا بە دەستپێشخەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند: گفتوگۆی نهێنی لەوبارەیەوە دەمێکەیە هەیە و ئێستا گەیشتۆتە خاڵی ئیجابیی. پەکەکە بە دامەزرانی لە 1970دا بوو هۆی بەفەرمی ناسرانی پرسی کورد لە تورکیا و لەوەش گرنگتر ڕەوایی بەخشی بە ماف و داخوازیی کوردە لەو وڵاتەدا. بەڵام ئیستا لە 2025دا هەلومەرجەکە گۆڕاوە و پەکەکە لەو قۆناغە تێپەڕیوە و پێدەچێ وەرزێکی نوێی دەست پێکردبێت و ئەگەر تورکیا ئامادەی بیستنی بانگەوازی ئۆجەلان بێت و چیتر وەک پرسێکی تیرۆریستی ئاوڕ لە کوردەکان نەداتەوە، دەکرێ بە ڕێگەچارەیەکی ئاشتەوایی و دیموکراتیک دڵخۆش بێن.

ڕاشیگەیاند: ئۆجەلان لە 25 ساڵی ڕابردوو دوو جار لەم ڕێبازەدا هەنگاوی ناوە و هەر دوو جارەکە شکستی هێناوە. کەچی ئێستا تورکیاش ناچارە لە بەخۆدا چوونەوە و چیتر مۆدێلی نەتەوەپەرەستانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەڵومەرجی ئیستاکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین گونجاو نییە و ناتوانێ درێژە بەو سیاسەتەی بدات.

ئەم چالاکە سیاسییەی کورد جەختی کرد: تورکیا لە نێوان مانەوە لە دۆخی ئێستادا و درێژەی شەڕ و ئاشتی لەگەڵ کوردەکان یەکیان هەڵبژێرێت. هەڵبەت ئەو کارە ئاسان نییە و شەڕی چوار دەیەی تورکیا و پەکەکە لە هەر دوو لا هەزاران قوربانی لێکەوتۆتەوە و 5 هەزار گوند خاپوور کراون و سەدان و بگرە هەزاران کەس شاربەدەر و ئەشکەنجە دراون.

ساڵح ئازاد بە ئاماژە بەوەی کە کوردەکان چارەیەکیان جگە لە متمانە بە ئەردۆغان نییە، چونکە هەم تورک و هەمیش کورد خوازیاری ئاشتەوایین، ڕاشیگەیاند: بانگەوازەکە تەنیا تەرکیزی لە سەر کوردی تورکیایە و بڕیاردان بۆ کورد لە وڵاتانی سووریا و عێراق دروەستی بە هەڵویستی ستراتژیکی خۆیانەوە هەیە.

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە ئەگەری سەرکەوتنی ڕەوتی نوێی ئاشتی لە تورکیا و دەرئەنجامەکانی ڕوونی کردەوە: کاریگەریی ئەم پڕۆسەیە زۆر بەربڵاو دەبێ و ڕەنگە لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووییدا بین. هەڵبەت هێشتا داعش مەترسییەکی گەورەیە بۆ ناوچە بەتایبەت پاش کە ڕژیمی جۆلانی خۆی پەلی لە ئەلقاعیدە و داعشدایە و پاڵپشتی ئەردۆغانیشی پێیە.

سەرۆکی ناوەندی دیموکراتیکی کوردەکان لە فەڕەنسا ڕاشیگەیاند: کوردستانی سووریا لە داهاتووشدا پابەندی مۆدێڵی نرخاندنی چەندنەتەوەیی، فرەچەشنی مەزهەبی و دیموکراتیک دەبێت، بەتایبەت ئەگەر شەڕی تورکیا دژی "تیرۆریزم" کۆتایی پێ‌بێت.