حەلیم عومەری و ئازاد بەدران قزڵ‌کار، دوو هونەرمەندی بواری مۆسیقای کوردی سەر لە بەیانی ئەوڕۆ لە ئامەد لە لایەن پۆلیسی دژە تیرۆری تورکیاوە قۆڵبەست‌کران.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هیزەکانی پۆلیسی دژە تیرۆری تورکیا لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەیانی ئەوڕۆدا دوو هونەرمەندی بواری مۆسیقای کوردییان بە ناوەکانی حەلیم عومەری و ئازاد بەدران قزڵ‌کار، لە شاری ئامەدە قۆڵبەست کرد.

ناوەندی کەلتووریی مێزۆپۆتامیا وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "حکومەت بە قۆڵبەست و بایکۆت ناتوانێ چرای مۆسیقا و هونەری کوردان بکوژێنێتەوە، بگرە ئێمە بە بەرخۆدانمان، فەرهەنگ و هونەری کوردی بەهێزتر و دەوڵەمەندتر دەکەین".

بەپێی ڕاگەیاندنی مێزۆپۆتۆمیا حەلیم عومەری لە ماڵی خۆی و ئازاد بەدران‌ـیش لە فرۆکەخانەدا قۆڵبەست کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستگیری ئەو دووە بڵاو نەبۆتەوە.