هەندێک لە کوردەکان لە عێڕاق و سووریا ئەو ئەگەرە دادەنێن لە ئەگەری هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا، ناوبراو ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دژی کوردەکان لە عێڕاق و سووریا چڕ بکاتەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا بە وەدەست هێنانی زیاترین دەنگ لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، بەدوای وەدەست هێنانی سەرکەوتن لە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانە تا دەسەڵاتداری ناوبراو بە سەر تورکیادا بچێتە نێو دەیەی سێهەمیەوە.

ئەردۆغان لە ساڵی 2015 و دوای شکست دانوستانی ئاشتی، دژایەتی لەگەڵ کوردەکان لە ناوخۆی تورکیای دەست پێکردەوە، لە ساڵی 2018 سێ ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە دژی کوردەکان ئەنجام داوە و هاوکات بە بیانووی بەرەوڕوو بوونەوەی پەکەکە ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە ناو هەرێمی کوردستان چڕ کردووەتەوە.

هەواڵدەری فەڕەنسا لە ڕاپۆرتێکدا ترس و نیگەرانیی کوردەکانی عێڕاق و سووریا لە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغانی باس کردووە.

کەمال عومەر، مامۆستای زانکۆ لە سلێمانیە بە ئەو هەواڵدەرییەی وتووە لەوانەیە بە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان دزەی سپای تورکیا لە ناو هەرێمی کوردستان چڕتر ببێتەوە.

هەندێک لە کوردەکانی سووریاش وتوویانە کە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان دەتوانیت بو اتای ئەنجامی ئۆپراسیۆنی سەربازی نوێ لە دژی کوردەکان بێت کە دەبێتە هۆی زیاد بوونەوەی ئاوارەیی کوردەکان.