بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،
لە ساڵی ٢٠١٥ەوە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب لە ژێر ئیدارەی “ خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا”دایە. سەرەڕای ئەوەی ئەم ناوچانە لە دڵی شاری حەلەب هەڵکەوتبوون، فۆرمێکی خۆبەڕێوەبەری ناوخۆیییان هەبوو و تا ڕادەیەکی دیاریکراو سەربەخۆ لە پێکهاتەی حکومەتی ناوەندی سووریا کاریان دەکرد.
ئەم دۆخە لە سەرەتای مانگی یەکدا کۆتایی هات، کاتێک هێزەکانی حکومەتی کاتی سووریا هێرشیان کردە سەر ئەو گەڕەکانە و کۆنترۆڵیان کرد. ئەم ڕاپۆرتە بەدواداچوون بۆ دۆخی خەڵکی مەدەنی و ئەو گۆڕانکاریانە دەکات کە لە دوای ئەم پێشهاتەوە ڕوویانداوە.
سەرەڕای وەستانی شەڕی ڕاستەوخۆ لە حەلەب لە 11ی ژانویەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە دۆخی ئەمنی ناجێگیرە.
دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئاسایش، هێزەکانی حکومەت بە شێوەیەکی زۆر لەو گەڕەکانەدا جێگیر بوون.
خاڵی پشکنینی جێگیر و گەڕۆک دانراون، پشکنینی ناسنامە و پشکنینی ئۆتۆمبێلیش بەردەوامە. هەروەها ڕاپۆرتی دەستگیرکردن بە شێوەیەکی وردە وردە بڵاوبووەتەوە.
هێرشەکانی سەر شێخ مەقسوود بریتی بوون لە تۆپباران و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆردومانی ئاسمانی و ناوچە چڕەکانی دانیشتووانی کردە ئامانج.
زۆرێک لە بیناکانی نیشتەجێبوون و ژێرخانی گشتی، لەوانە نەخۆشخانەی خالد فەجر، زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
دوای ئەوەی شەڕەکە کۆتایی هات، وردە وردە ڕێگا گەورەکان کرانەوە، بەڵام هیچ پلانێکی فەرمی و ڕێکخراو بۆ ئاوەدانکردنەوە ڕاپۆرت نەکرا. تەنها هەوڵی سنووردار بۆ پاککردنەوەی پاشماوە و کۆکردنەوەی تەرمەکان لەلایەن دانیشتوان و شارەوانی حەلەبەوە ئەنجامدرا.
پێش ئەم هێرشە، ناوچەکە لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٥ەوە لە ژێر نیمچە گەمارۆدا بوو، کە دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و ئاو و سووتەمەنی و کارەبا سنووردار بوو.
دۆخی ئابووری زۆر لاواز بووە. نرخی کەلوپەلی سەرەتایی وەک سووتەمەنی و خۆراک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و هەندێک کەلوپەلی وەک نان و تەماتەش دوو هێندە زیادی کردووە.
هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان، بێکاریش بۆ ئاستێکی بێ وێنە بەرزبووەتەوە. پێشتر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەڕێگەی دامودەزگاکانی وەک خۆشگوزەرانی، قوتابخانە، هەرەوەز و پاڵپشتی بۆ بزنسە بچووکەکان هەلی کاری دروست دەکرد.
لەگەڵ نەهێشتنی ئەم پێکهاتەیە، خەڵکێکی زۆر کارەکانیان لەدەستداوە و توانای کڕینیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
حەلەب لە ساڵانی ڕابردوودا میوانداری ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە عەفرینەکانی کردووە. زۆرێکیان لە ئەنجامی کار یان کۆچی پەروەردەیی لە شارەکەدا نیشتەجێ بوون.
دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ساڵی 2018 شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون ڕوویدا و خەڵکی زیاتر هاتنە حەلەب. لە ساڵی ٢٠٢٤ لەگەڵ پێشهاتە سیاسییەکان، هەزاران پەنابەری ناوچەی شەهبا بۆ شاری حەلەب گوازرانەوە.
لە کاتی هێرشەکەی مانگی یەکدا نزیکەی ١٤٨ هەزار دانیشتووی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ئاوارە بوون. هەندێکیان وردە وردە گەڕاونەتەوە، بەڵام پرۆسەی گەڕانەوە تەواو نییە.
هۆکارە سەرەکییەکانی نەگەڕانەوە بریتین لە وێرانکردنی ماڵەکان، نیگەرانی ئەمنی و بارودۆخی ئابووری سەخت.
بەشێک لە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە عەفرین، بەڵام لەوێش ڕووبەڕووی کێشەی داگیرکردنی ماڵ و حاڵی خێزانەکانی دیکە دەبنەوە.
یەکێک لە دانیشتووانیش دەڵێت: کاتێک گەڕاینەوە هەندێک خانوومان چاککردەوە و ماینەوە، دواتر گەڕامەوە بۆ عەفرین، بەڵام ماڵەکەم لە دەستی خێزانێکی عەرەبدا بوو، وتیان بەم زووانە دەڕۆین.
پێشهاتەکانی ئەم دواییەی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، سەرەڕای کۆتایی هاتنی پێکدادانەکانی سەربازی، نەیانتوانیوە سەقامگیرییەکی درێژخایەن ڕێکبخەن.
دۆخی ئێستا ناتوانرێت بە کۆتایی قەیرانەکە هەژمار بکرێت، بەڵکوو بە قۆناغێکی نوێ لە قەیرانێکی ئاڵۆزدا هەژمار بکرێت.
هەرچەندە ئاستێکی ئارامی ڕێژەیی و گەڕانەوەی سنووردار بۆ ژیانی ڕۆژانە هەیە، بەڵام کێشە پێکهاتەییەکان هەروا ماونەتەوە؛ لەوانە: "قەیرانێکی توندی ئابووری و بێکاری، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان، نەبوونی متمانە لە نێوان دانیشتوان و حکومەت، نیگەرانییە ئەمنییەکان و ئەگەری دروستبوونی شەڕی خێڵەکی."
ئێستا حکومەتی کاتی سووریا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی بووەتەوە. بانکی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات کە تا ساڵی ٢٠٢٥ ئاوەدانکردنەوەی سووریا دوای ١٤ ساڵ شەڕ زیاتر لە ٢٠٠ ملیار دۆلاری تێچووی هەبێت.
لە حەلەب، جگە لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە مانگی یەکدا وێران بوون، دەبێت حکومەت مامەڵە لەگەڵ قەیرانی ئابووری و بێکاریش بکات، قەیرانێک کە بە لابردنی پێکهاتە خۆبەڕێوەبەرییەکان زیاتر بووە.
لە لایەکی دیکەوە نیگەرانییە ئەمنییەکان هەر ماون. کەمینە کورد و مەسیحییەکان لەو ناوچانە نیگەرانی خۆیان لە ئەگەری توندوتیژی تائیفی هاوشێوەی ئەو توندوتیژییە دەردەبڕن کە لە ناوچەکانی دیکەی سوریا لە دژی عەلەوییەکان و دروزەکان و مەسیحییەکان ڕوویانداوە.
لە کۆتاییدا داهاتووی ئەم بوارانە پەیوەستە بە توانای حکومەتی دیمەشقەوە بۆ هەنگاونان لە ڕێبازێکی تەنیا ئەمنییەوە بۆ بنیاتنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام و باشترکردنی بارودۆخی ژیان و دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەی کۆمەڵایەتی.
Your Comment