ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لە گەڕەکی کوردنشینی ئەشرەفییەی شاری حەلەب، جار هەیە بێدەنگییەکی تاقەتپڕووکێن زاڵە؛ بێدەنگییەک کە هەندێ جار بە توندوتیژییەکی توقێنەر شەقی تێدەکەوێت. تا دوو حەوتە لەوە پێش دۆخەکە زۆرتر ڕەنگی "ئاسایشێکی ناپاوەجێی" بەخۆوە گرتبوو، لە بازگە پشکنینە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی سووریا و هاوتا کوردەکانیان، ئۆتۆمبیلگەلێک کە دەهاتنە ناو شەقامە باریکەکانی ئەو گەڕەکە، دەپشکێندران و خەڵکی مەدەنی شانبەشانی کەسانی چەکدار هاتوچۆیان دەکرد.
گەڕانەوەی توندوتیژی بۆ گەڕەکە کوردییەکان
بەڵام شەوی دووشەممەی ڕابردوو، هێزەکانی دیموکراتی سووریا(هەسەدە) کە کۆنتڕۆڵی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەیان لە بندەستە لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی سووریا تێهەڵچوون و هێندەی نەبرد کە شەڕەکە بە ڕێککەوتنی هەر دوو لا، خێرا هێور بۆوە.
بە وتەی شایەدێکی نزیک و بەرپرسێکی خۆجێی، لەو شەڕەدا چەندین کەسی مەدەنی بریندار بوون. هاوکات هێزەکانی بەرگری مەدەنی سووریا ڕایانگەیاند کە لانیکەم دوو کەس لە هێزەکانی فریاکەوتن لە جەنگەی دەستڕێژییەکاندا بریندار بوون و هەواڵدەریی دەوڵەتی سووریا(سانا)ش هێزە کوردەکانی بە تەقەکردن لە نەخۆشخانەیەک تۆمەتبار کرد. ڤیدئۆ بڵاوبۆوەکان بەڵام هەڵاتنی خەڵکی مەدەنی لە بەکگراوەندی دەنگی تەقە و دەستڕێژیی مۆسەلسەلەکان نیشان دەدەن.
ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود؛ هێمای کەلێنە چارەسەرنەبووەکانی سووریا
باکووری ڕۆژئاوای حەلەب بە وتەی چاودێران، نمونەیەکی چکۆلە لە کەلێنی قووڵی ئەمنی و دەسەڵاتدارێتی لە سووریایە؛ کەلێنێک کە زیاتر لە یەکساڵ پاش ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد هەر وەک خۆی ماوە و لەمناوە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بە دەیان هەزار دانیشتووەوە، لە بندەستی هێزەکانی هەسەدەیە و ئەو هێزانە ڕایانگەیاندووە کە برینداربوون چەند کەس لە هێزەکانیان و خەڵکی مەدەنی ئەو گەڕەکانە لە ئەستۆی دیمەشق و هەڵمەتی توندئاژۆی هێزەکانی دەوڵەتی سووریایە. ئەگەرچی تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی سووریا، تۆمەتباری سەرەکیی ئەو تێهەڵچوونە هێزەکانی هەسەدەن کە بە "هێرشێكی لەناکاو" ئاگری شەڕەکەیان هەڵگیرساندووە.
ئاستەنگی بەردەم ئاوێتەبوونی هێزە کوردەکان لە پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندی
لە ئێستادا ئاوێتەبوونی هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا لە پێکهاتەی کۆگری دەوڵەتی نوێ، بۆتە یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی دیمەشق. ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی هەسەدە لە ساڵی 2015ـهوە تا ئێستا کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هاوکات دوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەبیان پێیە و لە کاتی هێرشی هێزەکانی تەحریرولشام لە نوامبێری ڕابردووشدا، لە کۆنتڕۆڵی ئەو گەڕەکانە نەکشانەوە.
ئینجا بەپێی ڕێککەوتنی ئاڤریلی ئەمساڵ لەبارەی چارەنووسی ئەو دوو گەڕەکە، وێڕای ئاڵوگۆڕیی زیندانییەکان، سەدان هێزی هەسەدە بۆ ناوچە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە مەودای زیاتر لە 100 کیلۆمەتر پاشەکشێیان کرد. بەوەشەوە هەندێک هێزی کوردی لە ناوچەدا ماونەتەوە و ئاوێتەبوونی یەکجاریی ئەو گەڕەکانە لە پێکهاتەی دەوڵەتی نوێ کە بڕیار بوو تا کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، وەستاوە.
هەر بۆیە وێستگە و بازگەی پشکنینی هاوبەش بۆ پێشگری لە ئاژاوە و دزەی چەک و ماددەی تەقەمەنی لەو گەڕەکانە ساز دراوە، و سەرەڕای ئەو شەڕە و شەڕەکانی پێشتر، لە کاتی ئاشتەواییدا خەڵکی مەدەنی دەتوانن بە ئازادی لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسووددا هاتوچۆ بکەن.
گرێیەکی گەورەتر؛ داهاتووی هەسەدە لە سووریای نوێ
چارەنووسی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب گرێدراوە بە پرسێکی گەورەتر کە ئاوێتەبوونی هەسەدە لە پێکهاتەی دەوڵەتی نوێیە؛ هێزێکی کوردی کە دەیان هەزار شەڕڤانی لە ڕۆژهەڵاتی فوراتدا هەیە. باوەیکە ڕێککەوتنێک لەمساڵدا لە نێوان ئەو دووە واژۆ کرا، بەڵام ناکۆکیی لەبارەی پاراستنی پێکهاتەی ئێستای هەسەدە یان ئاوێتەبوونی یەکجاریی لە یەکینەکانی ئەرتەش و ئاسایشی سووریا، بۆتە هۆی وەستانی ڕەوتی ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنەکە.
لەمناوە ئەمریکا ڕۆڵی ناوبژیکار دەگێڕێ و تورکیا بە هۆی ئەوەی هەسەدە و بەتایبەت یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) بە لقێكی پەکەکە دەزانێت، بە توندی مکۆرە لە ڕاپەڕاندنی ڕیککەوتنەکە.
Your Comment