بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرۆك ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران رایگەیاند: ئەگەر حكومەتی عێراق پابەندی بەڵێنەكانی نەبێت بۆ چەككردنی گروپە چەكدارە جیایی خوازەکانی دانیشتووی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی فراوان هێرش دەكەینەوە سەریان.
محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لەمیانەی وتارێکدا لە کۆنفڕانسی ساڵانەی فەرماندەکانی هێزی وشکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە مەشهەد ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دراوسێ پەیوەندیمان هەیە و رێککەوتننامە و پەیماننامەمان واژۆ کردووە.
وتیشی: ئەم پەیوەندیانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەمنییەت، ئارامی و دۆستی نێوان وڵاتانی دراوسێ و ئێرانە.
باقری رایگەیاند: بنەمای ئەم ڕێککەوتنانە ، پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەیە لە لایەن خودی وڵاتانی ناوچەکەوە و دەبێ بە یەکدەنگ بڵێین پێویست بە بوونی بیانییەکان نییە و زایۆنییەکانیش لەم ناوچەیەدا هیچ جێگە و پێگەیەکیان نییە.
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕاشیگەیاند کە گروپە چەکدارەکانی باکوری عێراق (هەرێمی کوردستان) نا ئارامی لەسەر سنوورەکانمان دروست دەکەن، هێزی وشکانیی سوپای پاسداران بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی وڵات ئۆپەراسیۆنی کاریگەرانەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژی ئەو گروپانە بەکارهێنا، دواتر حکومەتی عێراق بەڵێنی دا بە چەکداماڵینی ئەو گروپانە و ڕێگری لە جموجۆڵەکانیان تا مانگی (ئەیلول/9) ، سوپاش ئۆپەراسیۆنەکانی راگرت.
جەختیشی کرد کە چاوەڕێی مانگی (ئەیلول/ خەرمانان) دەکەین، هیوادارین حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێبکات، بەڵام ئەگەر ئەم وادەیە تێپەڕێت و هێشتا چەکدارەکان هەبن بەدڵنیاییەوە ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئەو گروپانە توندتر و زۆرتر دوبارە دەکەینەوە".
Your Comment