لە حاڵێکدا کە لە ڕۆژانی دواییدا باسی ئازادی سیاسی، چاکسازی و تەنانەت دەسپێکی گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان دەگاتە گوێ، ڕۆژنامەڤانی سەربەخۆ جەوهەری گوڤێن هۆشداریی دا کە ئەو شانۆ ڕواڵەتییە، شتێک جگە لە ئاسایشی پێش زریان نییە، چونکوو شەپۆلێکی نوێی سەرکوتی هەزاران کورد بەڕێوەیە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە ئەم ڕۆژانەدا کە کەشی سیاسی کوردستانی سیاسی بە ڕواڵەت ڕوو لە کرانەوەیە و باسی ئاشتی نێوان کورد و حکومەت دەنگی داوەتەوە، ڕۆژنامەڤانێکی دیاسپۆرا، بە ناوی جەوهەری گۆڤێن هەندێک بەڵگەی نهێنی دەست کەوتووە کە نیگەرانییەکانی زیاد کردووەتەوە، لە ئەو بەڵگەیەدا ناوی هەزاران کورد لیست کراوە کە نامەی دادگا هەیە بۆ دەستگیر کردنیان. بە وتەی گۆڤێن، ئەو ئاسایشە شانۆییە، نەک پێشەکی ئاشتی بەڵکوو دەسپێکی سەرکوتی نوێیە کە لەوانەیە ببێتە یەکێک لە گەورەترین کارەساتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دەیەکانی ئەم دواییە.


پڕۆژەی سەرکوت بە دەمامکی چاکسازی و گفتوگۆ
جەوهەری گۆڤێن بەڵگەیەکی شاراوە لە دادستێنی ئەنقەرەوە بڵاو کردەوە کە بە پێی ئەوە ناوی 4753 هاووڵاتی کورد بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی ڕیز کراوە کە 1640 کەسیان بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی دادگاکانی ئەستەنبۆڵ کراون. ناوبراو دەڵێت ئەوە ڕووداوێکی یاسایی نییە بەڵکوو پڕۆژەیەکی هاوئاهەنگە بۆ پاکتاو کردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچە کوردنشینەکان پڕۆژەیەک کە بە دەمامکی چاکسازی و گفتوگۆ شاردراوەتەوە.

بەکارهێنانی ناوی ئۆجالان وەکوو ئامێرێک

گۆڤێن هەروەها گێڕانەوەکان سەبارەت بە ئەگەری کردنەوەی ڕێگای گفتوگۆ لە گەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالانی ڕەت کردەوە. ناوبراو ئەو کەشەی جۆرێک ئەندازیاری کردنی ڕای گشتی بۆ جودا کردنەوەی کۆمەڵگای کورد لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان وەسف کرد. بە وتەی ناوبراو، دەوڵەت هەوڵی داوە کە بە ناردنی پەیامی ئاشتیخوازانە بۆ کوردەکان و گەورە کردنەوەی ئەو پرسە، ڕێگری بکات لە یەکگرتوویی سیاسی کورد، ئۆپۆیزیسیۆن ، گەنجان، ژنان و بزووتنەوەی مەدەنی لە سەرتاسەری تورکیا کە دەتوانێت هەڕەشەیەکی جیدی بێت بۆ سەر پێکهاتەی دەسەڵات کە حکومەت بۆ ڕێگری لە ئاوەها دۆخێک ڕووی کردە بەکارهێنانی ناوی ئۆجالان و بەلاڕێدا بردنی داواکارییە مێژووییەکانی کورد.

نەریتی مێژوویی عوسمانی؛ گفتوگۆ بە ڕواڵەت و سەرکوت لە کردەوە

ناوبراو جەختی کرد کە ئەو سیاسەتە دووفاقەییەی بە ڕواڵەت گفتوگۆ و سەرکەوت لە گفتوگۆ درێژەی هەمان نەیتی مێژوویی سەرکوت لە تورکیا بووە؛ نەریتێک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان. گۆڤێن بە پشت بەستن لێکۆڵینەوەی مێژوونووسانێک وەکوو تانێر ئاکچام، بیری هێنایەوە کە لە درێژایی مێژوودا، هەرکات باس لە چاکسازی، گفتوگۆ و ئاشتی دێتە پێشتەوە، لە پشتییەوە پلانڕێژی بۆ سەرکوت و وەلانانی گرووپە ناڕازییەکان لە ئارادا بووە. بەڵێنی چاکسازی بۆ ئەرمەنییەکان لە دەیەکانی 1860، عەرەبەکان پێش شەڕی یەکەمی جیهانی و کوردەکان لە دەیەکانی 2010 هەموویان گەییشتوونەتە ئەنجامێکی هاوشێوە: پاکتاو کردن، دوور خستنەوە یان لەناوبردنی فیزیکی.

گۆڤێن هۆشداریی دا کە نابێت فریوی ئەو سیگناڵە نمایشیانەبخۆن؛ چونکوو ئەوەی کە بەڕێوەیە، سەرکوتی قووڵتر، وردتر و ئەندازیاری کراوتر لە هەموو کاتەکانی دیکەیە. سەرکوتێک کە ئەم جارە نە بە تۆپ و تانک بەڵکوو بە دۆسیەی دادوەری، مێدیا دەوڵەتییەکان و بێدەنگی سەپێندراو ئەنجام دەدرێت.

ناوبراو لە یەکێک لە بەشەکانی ئەو دەرخستنەدا ئاشكرای دەکات کە بە پێی بەڵگە دەوڵەتییەکان، یاریگەکان، کەمپەکان، ناوەندە سەربازییە کۆنەکان و تەنانەت تەوێڵەکان بۆ هێشتنەوەی کۆمەڵێک لە دەستگیر کراوەکان ئامادە کراوە.

ئامانج، سەرجەم کۆمەڵگای کوردییە، لە خوێندکارەوە بگرە تا شاتر

گۆڤێن جەختی کرد کە ئاوەها ئاستێک لە ئامادەیی، تەنیا لە حاڵێکدا ڕوو دەدات کە دەوڵەت بیەوێت سەرکوتێکی گشتگیر بکات. ناوبراو هۆشداریی دا کە کوردەکان نابێت وا بیر بکەنەوە ئەو پڕۆژە بە سیاسەتوانەکان یان چالاکەکان سنووردار بکرێتەوە؛ چونکوو ئامانج سەرجەم کۆمەڵگای کوردە، لە خوێندکارەوە بگرە تا شاترەکان، لە مامۆستاوە بگرە تا کرێکار؛ هیچکەس لێی بەری نابێت.