لێدوانەکانی بەڕیوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەبێ بە دانپێدانانێک لە لایەن ئەوەوە بزانین؛ هەموو ڕاپۆرت و هەنگاوەکانی سیاسین، نەک تەکنیکی و ئاژانسیش لە ڕاستیدا بۆتە باڵی ئەمریکا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی سیاسی- نەفیسە عەبدوڵڵاهی: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەوتۆمی کە پاگەندەی پەرەدانی بەهرەی ئاشتی‌خوازانە لە وزەی ناڤۆکی و پێشگری لە چێ‌کرانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن وڵاتانی جۆاروجۆر دەکات، لە ساڵانی ڕابردوو بە هۆکارگەلێکی جۆراوجۆر بۆتە بەشێک لەو ناوەندە سیاسییانەی پێڕەوی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات.

ڕافائێل گرۆسی بەڕیوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە نوێترین لێدوانی لە کۆمەڵەی جیهانی ئابووری (داووس 2025) سەبارەت بە پلانی ئاشتی‌خوازانەی ناڤۆکی ئێران وتی: ئێمە خەریکی دانوستان لەگەڵ ڕووسیا و چین و وڵاتانی ئەورووپین، بەڵام بۆ هەمووان ڕوونە کە بوونی ئەمریکا لەو دانوستانانەدا زەروورییە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک ڕاسپاردەی ئێمە لە چەند حەوتەی داهاتووە.

ناوبراو بەبێ ئاوڕدانەوە لە ڕاپۆرتەکانی ئاژانس سەبارەت بە پابەندیی ئێران بە بەرجام، تا بەر لە کشانەوەی ترامپ لەو ڕێککەوتنە، وتیشی: ئێران بەردەوامە لە بەرهەم‌هێنانی ئۆرانیۆمی پیتاندراو باڵا و پێویستە ئێران سەبارەت بە چالاکییە ناڤۆکییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ ڕێککەوێت، بۆوەی نەکەوێتە گێژاوی شەڕێکی سەربازیی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین.

پێشنیاری گرۆسی بۆ ڕێککەوتنی ئێران لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ، لە کاتێکدایە کە شایەدی گۆڕانی ئەدەبیاتی بەڕیوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پاش هاتنە سەرکاری ترامپین و دەبینین کە چۆن گرۆسی هەوڵ دەدا ئاژانسی لە ڕۆڵ‌گێڕان لە دۆسیەی ناڤۆکی ئێران بکێشێتە دەرێ و ئێران و ئەمریکا بەرەوڕووی یەکتری بکاتەوە.

ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئێران لە کاردانەوە بە کشانەوەی یەک‌لایەنەی دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە ساڵی 2018دا و ناپابەندیی ئەورووپا بە بەڵێنەکانی هەمبەر بە دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گەمارۆکان و ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران، ڕایگەیاند کە لە چەند هەنگاوی دیاری‌کراو لە بەڵێنە خۆویستەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دوور کەوتۆتەوە و دیارە ئەم کارەی ئێران، کاردانەوەیەکی ڕەوا بوو بە ناپابەندیی لایەنەکانی ڕێککەوتن بەپێی بڕگەی 36ی بەرجام و بە ئاگاداریی ئاژانس. لادانێک کە ئێران هەر ئەو کاتیش ڕایگەیاندبوو کە لە ئەگەری گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانیان، ئیمکانی گەڕانەوەی بۆ هەیە.

سەفەری گرۆسی بە ئێران

گرۆسی لە کۆتایی خەزەڵوەردا سەردانی تارانی کرد و لە میانەی دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێرانی و سەردانی دوو بنکەی گرنگی پیتاندنی نەتەنز و فۆدرۆ، لەگەڵ وەفدی تەکنیکی و کارناسیی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی بە سەرپەرەشتی محەمەد ئیسلامی سەبارەت بە هەموو لایەنە هاوپەیوەندەکان بە ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران لە مارچی 2023، گفتوگۆی کرد.

ناوبراو لە وتاردانی سەرەتایی لە ئاژانسی حوکامدا سەبارەت بە پرسی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئێران وتبووی: هەنگاوی ڕاست‌بێژیی تەکنیکی لە 16ی نوامبێری 2024 نیشانی دا کە ئێران لە دامەزراوە پیتاندنییەکانی فۆردۆ، هەنگاوە سەرەتاییەکانی بە ئامانجی وەستاندنی ڕەوتی بەرزکردنەوەی خەزێنەی ئۆرانیۆمی -۲۳۵ تا ڕەسەنایەتی لەسەدا 60ی دەست پێکردووە و چاوەروان دەکرێت کە پەیوەندییەکانی نێوان ئاژانس و ئێران لەو بوارەدا درێژەی هەبێت.

پشتڕاستکرانەوەی پابەندی ئێران بە بەرجام لە 16 ڕاپۆرتی ئاژانس

ئێران پاش واژۆکردنی بەرجام لە ساڵی 1394ی هەتاوی بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی گەمارۆکان، وەک وڵاتێکی بەرپرس، بەڵێنەکانی خۆی بە کامڵی ڕاپەڕاند و ئەم بابەتە لە 16 ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا پشتڕاست کرایەوە. بەوەشەوە، لەگەڵ هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترامپ و بڕیاری یەکلایەنەی ئەو بۆ کشانەوە لە بەرخام لە 18ی گوڵانی 1397(8ی مەی 2018)دا، نە تەنیا گەمارۆکان هەڵنەوەشیاوە، بەڵکوو هەمیسان داسەپانەوە.

ئینجا لەگەڵ هاتنە سەرکاری جۆ بایدن لە 2021دا، ئەو دەوڵەتە ئەگەرچی کشانەوەی یەک لایەنەی ترامپ لە بەرجامی ئیدانە دەکرد، بەڵام ئەویش بە کردەوە درێژەی بە هەمان سیاسەتی گوشاری لانی‌زۆریی دەوڵەتی ترامپ دایەوە؛ بەبێ ئەوەی هەوڵی گەڕانەوە بۆ بەرجام لە پاش هەشت خول دانوستانی نوێنەرانی 1+4 لە ڤیەن، بدات. بەوەشەوە ئێران جەختی کرد کە لە ئەگەری نیشاندانی ئیرادەی سیاسیی لایەنەکان، ئامادەی یەکلاکردنەوەی ڕێککەونەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانە.

گرۆسی بەدوای پێشخستنی ئۆپەراسیۆنێکی دەروونییە

فوئاد ئیزەدی کارناسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێک بۆ ئاژانسی مێهر سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەمدواییەی گرۆسی، ڕایگەیاند: گرۆسی لەگەڵ ڕژیمی زایۆنی تەواو هاوئاهەنگە و ئەو بەر لە سەفەری بۆ ئێران، لە سەفەری بۆ سەرزەوینە داگیرکراوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ڕژیمی زایۆنی گفتوگۆی لەسەر کردووە و ڕێوشوێنی پێویستی بە گوێدا دراوە. هەر بۆیە دەکرێ بڵێین ئەو قسانەی دەیڵێت، قسەی خودی ئەو نین، بەڵکوو ئەو قسانەن کە پێی وتراوە و بە جۆرێک دەیەوێ خەتابار نیشان بدات. ئەوە لە کاتێکدایە کە تاوانەکە لە ئەستۆی ڕۆژئاوایە و ئەوانن کە لە بەرجام کشاونەتەوە و پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون.

ناوبراو وتیشی: ئیسرائیل و ئەمریکا کاتێ زانیان کە پرسی دانوستان بۆتە هۆی دوو جەمسەری ئێران، هەوڵی گەشاندنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان دا و بەداخەوە ئەم دووبەرەکییە لە ئێراندا ساز بووە و لەو سۆنگەوە، لێدوانە سیاسییەکانی سەرۆکی ناوەندێکی تەکنیکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆپەراسیۆنێکی دەروونییە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو دەرفەتێکی بۆ پەیجۆریی دۆز و داواکارییەکانی لە بواری دیپلۆماسی قۆزتۆتەوە و هاوکات بۆ هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان، بەردەوامە لە دانوستانەکانی لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی (بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا) و یەکێکی ئەورووپا.