بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پێکدادانی نێوان هێزەکانی کوردی سووریا و تیرۆریستانی سوپای نیشتمانی سووریا بە پاڵپشتی تورکیا لە هاوێری بەنداوی تەشرین بە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە و لەمناوە وێڕای تەشەنەی پێکدادانەکان لە پارێزگای حەلەب کە بۆتە هۆی کوژرانی 18 کەس، کۆمەڵگای جیهانی چاوەروانی یەکلابوونەوەی بڕیاری هەڵوەشانەوە یان تەڤڵبوونی هێزە کوردەکان لە هێزی بەرگریی دەوڵەتی نوێی سووریایە.
یەکگرتوویی تەحریرولشام و هۆزە عەرەبەکان دژی هەسەدە
لە 20ی ژانڤییەدا سێ کەس لە هێزەکانی هەسەدە لە شەڕ لەگەڵ ملیشیای هۆزە عەرەبەکانی هاوپەیمانی گرووپگەلی سوننەی ئیسلامگەرا، کوژراون. ئەو هێزە ملیشیایە لەپێناو دەرکردنی هێزەکانی هەسەدە لە ناوچە، تەڤڵی تیرۆریستانی تەحریرولشام بوونە. هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لە یەکگرتوویی تیرۆریستانی تەحریرولشام لەگەڵ گرووپە پاڵپشتکراوەکانی تورکیا و ناردنی هێز بۆ بەنداوی تەشرین و دیرەزور بۆ شەڕ لە دژی کوردەکان دەکەن.
هەسەدە داواکارییەکانی بۆ هەڵوەشانەوەی ڕەت دەکاتەوە
مەزلووم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ڕایگەیاند کە "هێزەکانی نە چەک دادەنێن و نە هەڵدەوەشێنەوە، بەڵام ئامادەن بۆ تەڤڵبوونی ئەرتەشی سووریا دانوستان بکەن". کۆبانی هەروەها ڕەخنەی لە دیدارگەلی ئەم دواییەی گرووپە دژبەرەکان لە لایەن وەزارەتی بەرگری سووریا بەبێ بانگهێشتی هەسەدە گرت و ڕاشیگەیاند: "ئەنجامی ئەو دیدارانە بۆ ئێمە گرنگ نییە، چونکە ئێمە بەشێک لەو ڕێکخستنە نەبووین". ئەو هاوکاتی پێشنیاری پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەبارەی تەڤڵبوونی هێزە کوردەکان لە ئەرتەشی نوێی سووریادا جەختی لە دژایەتیی لەگەڵ بوونی دوو ئەرتەشی جودا لە سووریا کرد.
شرۆڤەی کارناسانی ناوەندی بەرگری لە دیموکراسی
سینان جەیدی کارناسی باڵای ناوەندی بەرگری لە دیموکراسی لەوبارەیەوە ڕای وایە کە کوردەکانی سووریا لە هەر قۆناغێکی قەیرانیدا نیشانیان داوە کە ئامادەی هاوکاریکردنی دەوڵەتی کاتی دیمەشق و تورکیان، بۆوەی بە هەر شیوەیەک پێش بە تێهەڵچوونی سەربازی بگرن، چونکە کوردەکان دەزانن شەڕ و پێکدادان دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکی مەدەنی و ناسەقامگیری لە سووریادا.
جەیدی بە ئاماژە دژایەتی کۆبانی بۆ هاوکاری و دانوستان لەبارەی پلانگەلێک کە مەبەستیان لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەر، ئاوارەکردن و سڕینەوەی شوناسی کوردییە، وتیشی: دەوڵەتی ترامپ لە پێگەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی پێش بە پەیجوریی سیاسەتی تۆڵەی ئەردۆغان لەپێناو سڕینەوەی گرنگترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بگرێت.
هاوکات ئەحمەد شەراوی، شرۆڤەگەرێکی تری ئەو ناوەندە لای وایە: تێکەڵبوونی گرووپە چەکدارەکان بەتایبەت بە ئاوڕدانەوە لە بوونی هیزێکی بەرچاوی پاڵپشتکراوی تورکیا لەو گفتوگۆیانەدا، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئەحمەد شەرع ڕێبەری تەحریرولشام. هەر بۆیە باوەڕهێنان بەوەی کە هەسەدە لەگەڵ تیرۆریستانێکی پاڵپشتکراوی تورکیا کە وەک باڵی تورکیا دەجووڵێنەوە، لە ئەرتەشێکدا کۆببنەوە، زۆر دژوارە.
ناوبراو جەختی لەوەش کرد: پرسی سەرەکی دەوڵەتی دیمەشق ئەوەیە کە ئایا بڕیاری شەڕ لەگەڵ هەسەدە بدات یان نا؟ ئەمە هاوکات داڵغەی سەرەکیی ئەمریکاش لە سووریایە.