ئەگەرچی هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی تورکیا، بەڵام بێ‌گومان ئەو پڕۆسەیە کاردانەوەیەکی بەرچاوی ناوخۆیی و ناوچەیی بۆ تورکیا دەبێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: محەمەد ساڵح توێژەری پرسی کورد لە ڕێکخراوی توێژینەوەگەلی سیاسەتی دەرەکی فیلادلفیا، لە یادداشتێک کە لە گۆڤاری "نیۆڕیجێن"دا بڵاوی کردۆتەوە، دەڕوانێتە مژار و پرسی ئاشتەوایی نێوان کوردەکانی تورکیا و دەوڵەتی ئەو وڵاتە، بە تایبەت دوای کرانەوەی زیندانی ئیمرالی بەڕووی سەردانکەرانی ئۆجەلان و بڵاوبوونەوەی پەیامەکانی سەرۆکی پارتی کڕیکارانی کوردستان، بۆ چەکدانان و دانوستان. ئەوی لە خوارەوە دەیخوێنندەوە، پۆختەیەکی ئەو یادداشتەیە:

پاش ساڵانێک بەربەست لە بەردەم پڕۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەتی تورکیا و کوردەکان، هیوایەکی تازە خەملیۆوە بۆ پێشخستنی ئەو پڕۆسەیە. بەتایبەت کە دەوڵەتی تورکیا لەم دواییەدا ئیزانی دا، چەند پەرلەمانی کوردی دەم‌پارتی لە ئیمرالی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن و لە گەڕانەوەدا ڕایانگەیاند کە ڕێبەری زیندانی‌کراوی پەکەکە ئامادەیی خۆی بۆ بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک لەپێناو گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی هەمیشەیی و ئاشتەوایی، ڕاگەیاندووە.

ئەمە یەکەم هەنگاو بۆ پێشخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و کوردەکانی ئەو وڵاتە نییە و پێشتریش لە 2013 و 2015دا هەنگاوی باش هەڵگیرابوو، بەڵام ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ تۆکمەی هێز و نامتمانەیی هەمبەر بە لایەنی بەرامبەر و دەسپێکردنەوەی شەڕی چەکدارانە، هەوڵە چڕبووەکان لەو بوارەی بەرەڕووی شکست کردەوە؛ شکستێک کە نزیکەی یەک دەیە شەڕ و پێکدادانی نێوان پەکەکە و ئەرتەشی تورکیای لە خاکی تورکیا و عێراقی بەدواوە بوو و بووە هۆی پەلامار دڕندەکانی تورکیا بۆ سەر ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا. هاوکات دەوڵەتی ئەردۆغان لەو ماوەدا لە ناوخۆی تورکیاشدا دەستی داوەتە سەرکوتی قورسی کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد و لەوان زیندانی‌کردنی سەلاحەدین دەمیرتاشی ڕکابەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ساڵی 2015 و دەرکردنی دەیان شارەوانی هەڵبژاردراوەی کورد لە پۆستەکانیان.

ئێستا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆ ئەردۆغان ئەمجار بە دوای دانوستانی ئاشتییەوەیە؟ و بەردەستترین وەڵامی مومکین ئەوەیە کە "ئەو بۆ مانەوەی دەسەڵاتی سیاسیی تێدەکۆشێت".

چونکە ئەردۆغان لە کاتێکدا کە بەرەوڕووی دابەزینی پێگەی سیاسیی پاش هەڵسوکەتی لاوازی لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی 2024 و گرفتە ئابوورییە بەردەوامەکانە، ناچارە لە وەرگرتنی پاڵپشتیی پەرلەمانتارانی کورد بۆ چاکسازی دەستووری تورکیا و درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆک کۆماری خۆی بۆ خولی سێهەم تا ساڵی 2028. کەواتە ئەگەر ئامانجی ئەردۆغان لە ورووژاندنەوەی پڕۆسەی ئاشتی، دۆزینەوەی ڕێگەیەک بێت بۆ دەستەبەرکردنی خولی سێهەمی سەرۆک‌کۆماریی، ئەوا ئەو مەترسییە هەیە کە ئەم هەنگاوەشی پیلانێکی بیرلێ‌کراوە بێت بۆ ڕاکێشانی پاڵپشتیی کوردەکان، نەک هەوڵێکی جیدی و شلگێڕانە بۆ چارەسەریی کێشەی کوردەکان.

هاوکات دەبێ ئەم هەوڵانەی ئەردۆغان لە ڕووبەرێکی بەربڵاوتری ناوچەییدا لێک بدرێتەوە. چونکە گۆڕانکارییەکان لە هاوكێشەی دەسەڵاتی ناوچەیی و لەوان داهاتووی نادیاری سووریا پاش ڕووخانی بەشار ئەسەد و پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، لە خۆیدا ئاستەنگگەلێکن لە بەردەم زێدەخوازییەکانی تورکیا.

ئەگەرچی پاڵپشتی تورکیا لە سەرکەوتنی تیرۆریستانی سووریا و گرتنی دیمەشق، ڕۆڵێکی گرنگی بووە، بەڵام سووریا هێشتا دۆخێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر تاقی‌ دەکاتەوە و هێشتا بەرییە لە دەوڵەتێکی ناوەندی. واتە ئەگەر سەقامگیری لە سووریادا دەتوانێ هەلێکی ئابووریی بەرچاو بۆ تورکیا دەستەبەر بکات، بوونی بشیوی و ئاژاوە لەو وڵاتەدا مەترسیی تەشەنەسەندنەوەی دووبارەی کێشەگەلێکی وەک گەڕانەوەی ئاوارەکان و بەهێزبوونەوەی کوردەکانی سووریای بۆ تورکیا بەدواوەیە. بەتایبەت هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کە تورکیا بە لقێکی پەکەکەیان دەزانێ و وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی لێیان دەڕوانێ؛ بەبێ ئەوەی هیچکات هێرشێک لە لایەن هەسەدەوە ڕووی لە ناوخۆی تورکیاوە بووبێت.

دەوڵەتی ئەردۆغان بە پاڵپشتیی بەردەوامی لە تیرۆریستانی سووریی سوپای ئازاد بۆ سەر هێزە کوردەکان، ڕەنگە بیەوێ گوشار بخاتە سەر بزووتنەوەی کوردەکانی تورکیا و ناچارکردنیان بۆ پاڵپشتی لە چاکسازی و گۆڕینی دەستووری تورکیا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژئاواش سەرەڕای لایەنی ئاشتەوایی لەگەڵ پەکەکە و لێبوونەوەی تورکیا لە بایکۆتی کوردەکانی سووریا، بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی ناوچەیی و کەمبوونەوەی گوشاری پەنابەران، داکۆکی لە دەستپێکردنەوەی ئەم پڕۆسەیە دەکات.

دیارە ئاستەنگی سەرەکیی پێشکەوتنی پڕۆسەی ئاشتیی هەنووکە، پابەندنەبوونی لایەنی بەرامبەر بۆ بنەبڕکردنی نادادپەروەری هەمبەر بە کوردەکانی تورکیایە. واتە ئەگەرچی تورکیا بەردەوام پەکەکە بە پرسێکی ئەمنی دەبەستێتەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پەکەکە هێمای سەدەیەک نکۆڵی سیستماتیکی شوناسی و مافی کوردەکانە و هەر بۆیە، پڕۆسەیەکی ئاشتیی مانادار پێویستی بەوەیە ئەنقەرە لە گەمە سیاسییە کورت‌خایەنەکانی تێپەڕێت و هەوڵێکی بەربڵاوتر بدات بۆ دیموکراتیزەکردنی وڵاتەکەی.

هاوکات لایەنی کوردیش بەرەوڕووی گرفتگەلێکە و خود بزووتنەوەی کوردەکانی تورکیا بە هۆی پەرتەوازەبوونیان، خاوەن ناوەندگەلی هێزی جۆراوجۆرە. بۆ وێنە پەکەکە لە شاخەکانی قەندیل هەتا کوردستانی عێراق، ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی و دەم پارتی بە 57 پەرلەمانتارەوە لە پەرلەمان بەشێکن لەو باڵ‌باڵێنە و ئینجا ئەگەر ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بکرێ و خوازیاری چەک‌دانانی پەکەکە بێت، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل گوێ لە مستی بن و بە قسەی بکەن؟ دیارە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەم بزووتنەوەیەش دەتوانێ پێشکەوتی پڕۆسەی ئاشتی ئاڵۆزتر بکات.

چونکە یەکێتی جڤاتین کوردستان(KCK) کە پەکەکەش بەشێک لەوە، بەرژەوەندییەکی زۆری لە مانەوەی ئیدارەی خۆسەری کوردەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا هەیە. بۆ کەجەکە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەردۆغان، دەتوانێ هەلێکی کاتی بێت بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی تورکیا لە دژی کوردەکانی سووریا و گەڕاندنەوەی پاڵپشتیی ئەمریکا لە هەسەدە. بێ گومان کەجەکە دەبێ بزانێت دۆخی ئێستا جیاوازە لە 2013 و 2015 و چیتر وەک ئەو ساڵانە لە لووتکەدا نەماوە و ئێستا بە هۆی هێرشە بەردەوامە سەربازییەکانی تورکیا لە دژی کوردەکانی سووریا و بەربەستی سیاسی لە تورکیا، هێزە کوردەکان باڵێکی لاوازتر بوونە و بەرەوڕووی داهاتوویەکی ناڕوونن. دەبێ بزانێت کە تورکیا لەو هاوکێشەدا دەستی باڵای هەیە و دەتوانێ خەسارێکی زیاتر بە کوردەکان بگەیێنێت؛ بابەتێک کە کارناسانی سیاسی بە پێش‌مەرجی سەرەکی گەیشتن بە ئاشتیی دەزانن.

لە کۆتاییدا ئەوە ئەنقەرەیە کە دەبێ مەبەستی ڕاستەقینەی خۆی بۆ ڕاپەراندنی ئاشتی لەگەڵ کوردەکان نیشان بدات و بەوەشەوە بزووتنەوەی کوردی لە تورکیاش دەبێ بە هەڵسوکەوتە پراتیگییەکانیدا بچێتەوە و چاوێکی لە ئەزموونی کوردەکانی هەرێمی کوردستان بێت، کە چۆن بە کردەوە توانیویانە سەرەڕای نامتمانەیی قووڵ، هاوکاریی گرووپ و کۆتڵە جۆراوجۆرەکانی بەغدا بکەن.