ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی لە خەڵاتی قەڵەمی هەژار بە هەوڵی توێژینگەی کوردستانناسی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.

بە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی لە خەڵاتی قەڵەمی هەژار ئەوڕۆ شەممە ٢٤ی سەرماوەز بە هەوڵی توێژینگەی کوردستانناسی زانکۆی کوردستان و بە ئامادەبوونی بلیمەتانی فەرهەنگی کورد لە تەلاری مەلەوی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمە وێڕای ناساندنی خەڵاتەکە کە بڕیارە ساڵانە ئاراستەی باشترین کتێبەکان لە بواری نووسین و وەرگێڕان لەبارەی ئەدەبیاتی کوردی، توێژینەوە زمانناسی و ئەدەبییەکان و هەروەها بەرهەمە نێوان‌ڕشتەییەکان بکرێت، ئاماژە بەوە کرا کە یەکەم خولی ئەو خەڵاتە کە بریتییە لە میدالی مامۆستا هەژار و خەڵاتی تایبەتی خاکەلێوەی ساڵی داهاتووی هەتاوی (١٤٠٤) بەڕێوە دەچێت.

شایانی باسە لەو ڕێوڕەسمەدا کۆی بەرهەمە چاپکراوەکانی مامۆستا هەژار کە لە لایەن وەشەنخانەی کوردستانەوە چاپ کراونەتەوە، ڕوونوێنی کرا.