ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەییەکانی ئەرتەشی زایۆنی بۆ سەر ژێرخانی سەربازی، بنکە و جیهازاتی ئەرتەشی سووریا، پەلامارێکی بێوێنەیە. پاش ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سووریا، ئیسرائیل زیاتر لە ٣٠٠ هێرشی کردۆتە سەر بنکە و جیهازاتی سەربازی سووریا. بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین کە بۆ ئیسرائیل ئاوا بە خەستی ناوەندە سەربازییەکانی سووریای کردۆتە ئامانج و چ سناریۆیەک لە پشت ئەم هێرشانەیە.
ئەوە کە لاتێکدایە کە بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز و ڕووسیا ئەلیەوم، هاوکاتی هێرشە ئاسمانییەکان، چەندین گوند و شارۆچکە لە هاوێری باشووری دیمەشق لە لایەن هێزەکانی ڕژیمی زایۆنییەوە داگیر کراوە و پێشڕەوی زایۆنییەکان لە هاوێری باشووری دیمەشق لە نزیکی سنووری لوبنان و هەنگاونان بەرەو خان شێخ و قەتنا، نیشاندەری ئەوەیە کە نتانیاهۆ دەیەوێ هەلەکە بقۆزێتەوە و هەڕەشە لە دیمەشق بکات.
لەمناوە هێرشی ئاسمانی زایۆنییەکان بۆ سەر سێ بنکەی ئاسمانی ستراتژیکی سووریا و ناوەندگەلی نزیکی دیمەشق، حومس و قامیشلۆ و کردنە ئامانجی بنکەکانی ئەرتەشی سووریا لە شاری لازقیە، هەڵمەتگەلێکی مانادارن کە نابێ بە ئاسانی لێی تێپەڕین. کەچی دەنی دانۆن باڵویزی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ ئاماژە بەو هێرشە گرنگانە، تەنیا قامکی خستۆتە سەر بەرزاییەکانی گوڵان و ئیدعا دەکات: "لە وەڵامی هەرەشەی ئەمنیی لە سنووری سووریا و ئیسرائیل و مەترسی بۆ سەر هاووڵاتیانی ئێمە، هەندێک هەڵمەتی چکۆلە و کاتیمان ئەنجام داوە".
ڕەهەندێکی تری هەڵمەتە هاندەرەکانی نتانیاهۆ لە سووریا داگیرکردنی چیای هەرموون بە بەرزایی ٢٨١٤ مەتر لە سەر سنووری سووریا و لوبنانە کە وەک ئامانجێکی ڕەوا نمایش دراوە؛ شاخێک کە بەرزترین شاخی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستە و گرنگییەکی ستراتژیکی هەیە.
لە گوڵانەوە تا دیمەشق
هەڵوێستێکی ئاژاوەنەرانەی بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ڕژیمی زایۆنی لە ڕۆژامنی ڕابردوو پاگەندەی هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ١٩٧٤ی ئیسرائیل و سووریا و ناپایبەندیی ئەو ڕژیمە بەو ڕێککەوتنەیە. هەر بۆیە ئیسرائیل هێزەکانی خۆی ڕەوانەی بەرزاییەکانی گوڵان کردووە.
لە بەرامبەردا ڕێکخراوی نەتەروە یەکگرتووەکان ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە و خوازیاری ڕاپەراندنی برگە یاساییەکانی ڕێککەوتنی ١٩٧٤ و پاراستنی سەقامگیریی گوڵان بووە.
دیارە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاگاداری هەڵمەتی نائەخلاقی و نایاسایی داگیرکەرانی زایۆنییە و هەر بۆیە هێزەکانی هەر لەو ناوچەیە ڕاگرتووە. ستفان دووجاریک وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هێرشی زایۆنییەکان بۆ سەر سێ شوێنی گوڵانی بە پێچەوانەی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٤ زانی و ئیدانە کرد و هاوکات وڵاتانی کوەیت، قەتەر، ئۆردۆن، یەمەن، ئێران و حزبوڵڵای لوبنانیش ئەو داگیرکارییەیان ئیدانە کرد.
بەوجۆرە دەردەکەوێت کە تلاڤیڤ بەدوای قۆزتنەوەی هەلەکە و کەڵکئاوەژوو لە دەرفەتە ناوچەییەکانە و دوور نییە کە بۆ ەئو مەبەستە هێرشیش بکاتە سەر هێزەکانی پارێزەری ئاشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
هۆی بێدەنگیی ئەردۆغان و جەولانی
ئەو ڕۆژەی تیرۆریستانی ژێر فەرمانی جەولانی هێرشیان کردە سەر کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامی لە حەلەب هەموو شتێک، جگە لە ئاڵای فەلەستینیان خاپوور کرد و نمایشێکیان وەڕێخست کە وەک بڵێی تەنیا لەگەڵ ئێراندا دوژمنن و پاڵپشتی فەلەستینن. بەڵام ئیستا کە گەورەترین دوژمنی فەلەستین پێگەی تیرۆریستان بوردومان دەکات، نرکەیان لێوە نایەت. کەواتە دەستەوەستانی جەولانی و هاوڕێیانی دەتوانی نیشانەیەکی ئاشکرا و ڕوون بێت لە ڕێککەوتنێکی شیمانەیی و پێشتری نێوان ئەو و نتانیاهۆ، بۆ لەناوبردنی یەکجاریی هێزی بەرگری سووریا و ناچارکردنی ئەو وڵاتە بۆ دەستەودامێنبوونی ڕژیمی زایۆنی، ئەمریکا و تورکیا لە پێناو دابینکردنی هێزی بەرگریی.
تورکیاش وەک هاندەر و پلانڕێژی تەحریرولشام و تیرۆریستانی تر، بە ئاشکرا لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بێدەنگی لێ هێناوە و سەلماندوویەتی کە هیچ ناڕازی نییە بەو هێرشانە. هەموو ئەوانە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی سەربازیی ڕژیمی زایۆنی نە تەنیا بە ئاراستەی دوژمنایەتی ئێران و بەرەی بەرخۆداندا هەنگاو دەنێن، لە داهاتوودا زیان بە ئاسایشی سووریا و تورکیاش دەگەیێنن. هەر بۆیە دەبێ چاوەروان بین و بزانین تورکیا و تەحریرولشام هەمبەر بە دوژمنایەتییەکانی نتانیاهۆ چ هەڵوێستێک دەگرن.