سەرۆک کۆماری ئێران لە دیداری ڕافائێل گرۆسی وتی: شەڕ نە بە قازانجی ئێمە و نە بە قازانجی جیهان، بەڵام لە بەرامبەر هەر هەڵمەتێک دژی ئاسایشی خۆمان، کاردانەوەی تۆکمە و یەکلاکەرەوەمان دەبێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەسعوود پزشکیان لە دیداری ئەوڕۆ پێنج‌شەممەی لەگەڵ ڕافائێل گرووسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی، جەختی لە چالاکیی ئاشتی‌خوازانەی ئەتۆمی و هەڵویستی پاوەجێ و یاسایی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە قەدەغەی دروست‌کردنی بۆمبی ئەتۆمی کرد و وتی: ئێمە بەپێی فتوای ڕاشکاوانەی ڕێبەری ئێران هیچکات بەدوای دروست‌کردنی بۆمبی ئەتۆمی نەبووین و نین.

پزشکیان هەروەها بە ئاماژە بە بەهرەوەرگرتنی ئێران لە تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی بەپێی چوارچێوە و مۆڵەتە یاساییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری و هاوڕایی لەگەڵ ئەو ناوەندە نێودەوڵەتییە بۆ سڕینەوەی گومانەکان لەبارەی چالاکیی ئاشتی‌خوازانەی ناڤۆکی ڕاگەیاند.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لە ڕێککەوتنی بەرجام و پەیمان‌شکێنی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لەوە ڕێککەوتنە کرد و وتیشی: بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانس ئێمە هەموو بەرپرسایەتییەکانمان بەدروستی ڕاپەڕاندووە، بەڵام ئەوە ئەمریکا بوو کە بە شێوەی یەکلایەنە لەو ڕێککەوتە کشایەوە.

سەرۆک کۆمار سەبارەت بە هەلومەرجی ناوچە و هەڕەشەکان بۆ سەر ئێران، ڕاشیگەیاند: ئێمە لەو باوەڕەین کە شەڕ نە بە قازانجی ئێمە و نە بە قازانجی جیهان، بەڵام لە بەرامبەر هەر هەڵمەتێک دژی ئاسایشی خۆمان، کاردانەوەی تۆکمە و یەکلاکەرەوەمان دەبێت.