دەمیرتاش دوای دیدار لەگەڵ ئوزگور ئوزەل، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای بەرز نرخاندنی ئەو دیدارە، لەسەر پێداویستی لەبەرچاو گرتنی یاسا و جێبەجێ کردنی دادپەروەری بۆ کردنەوەی ڕێگای سیاسی و گەییشتن بە ڕێگاچارەی پرسی کورد جەختی کرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، دوای دیداری لەگەڵ ئوزگور ئوزەل ڕێبەری جەهەپە، لە زیندانی ئەدیرنە بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ئەو دیدارەی بەرز نرخاند. ناوبراو وێڕای دەسخۆشی لە ئوزەل بۆ ئەو دیدارە، ئاماژەی دایە سەر کێشەکانی کۆمەڵگا و زەروورەتی دادپەروەری، ئاشتی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی. دەمیرتاش جەختی کرد کە خەڵکی تورکیا کە ئازار دەبینن لە قەیرانی ئابووری و نادادپەروەری، پێویستیان بە گفتوگۆی سازێنەر هەیە.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی دایە سەر دۆخی داخرانی کەناڵە سیاسییەکان لە تورکیا و وتی کە بە بێ ڕێزدانان بۆ سەروەری یاسا لە هەموو بوارەکان، ناتوانرێت هیوامان بە ئاسایی کردنەوە و کردنەوەی سیاسی هەبیت. ناوبراو جەختی کرد کە پەرلەمانی تورکیا ئەبێ لە هەموو بڕیاردانەکان ڕۆڵی هەبێت و ڕێگاچارەی پرسەکانی وڵات لە ڕێگای سیاسەت و پەرلەمانەوە تێدەپەڕێت.