بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە ماڵی کتێبی کوردی؛ئەوەی ئەم کارە لە کارەکانی تری حوسەینی جیا دەکاتەوە، ئەوەیە لە کاتێکدا ڕووداوەکانی ئەو دوو ڕۆمانەی تری لە ئەفغانستاندا ڕوو دەدەن و پاڵەوانەکانی ئەفغانین، ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەی لە ئەفغانستاندا قەتیس نابن و بەسەر چوار وڵاتدا دابەش دەبن کە جگە لە ئەفغانستان، فەڕەنسا و یۆنان و ئەمەریکاش دەگرێتەوە. هەروەها لە کاتێکدا تەوەری ڕۆمانەکانی تری ژیانی دوو سێ کەسێتییە، ئەوا لەم کارەیدا کۆمەڵێک کاراکتەر دەبینینەوە، کە هەریەکەیان بۆ خۆی پاڵەوانێکی ڕۆمانەکەیە و جیهانێکی تایبەت بە خۆی هەیە. لە ڕاستیدا ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی دەوڵەمەندە بە ڕووداو و کاراکتەر، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا نووسەر زۆر باش توانیویەتی جڵەوی کردار و وردەکارییەکانی ژیانی ئەو کاراکتەرانە بگرێتە دەست و بە قووڵی بچێتە ناو دەروون و ڕۆحیانەوە.
سەرەتای ڕۆمانەکە بە حیکایەتێک دەست پێدەکات، کە سەبوور بۆ عەبدوڵڵای کوڕی -کە تەمەنی دەساڵانە- و پەریی کچی -کە تەمەنی سێساڵانە- دەیگێڕێتەوە، بەڵام سێبەری ئەم حیکایەتە باڵ بەسەر تەواوی ڕووداو و کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکەدا دەکێشێت و بەمجۆرە نووسەر زۆر کارامانە ئەو هێڵە حیکایتئامێزە لە ڕۆمانەکەیدا تەوزیف دەکات.
هەر وەکوو وتمان، گەرچی ڕووداوەکان بە دەوری ژیانی چەند کاراکتەرێکدا دەسووڕێنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەندیی خوشک و برایەتیی پەری و عەبدوڵڵا، پانتاییەکی دیاری ڕۆمانەکە بۆ خۆی دەبات و بیرۆکەی لێکترازانی پەیوەندیی خێزانی و کۆمەڵایەتی دەبێتە بیرۆکەی سەرەکی لەم ڕۆمانەدا. هەڵبەت ئەم لێکترازانەش دەرەنجامێکە لە دەرەنجامەکانی ئەو کارەسات و تراجیدیایانەی بە هۆی باڵادەستیی ڕژێم و هێزە سەرکوتکەر و تاریکخوازە یەک لە دوایەکەکانی ئەفغانستانەوە باڵی بەسەر ژیانی خەڵکی ئەفغاندا کێشاوە.
ململانێی نێوان نەوەی کۆن و نەوەی نوێ، ململانێی نێوان مرۆڤ و خودی خۆی و هەڵبژاردنەکانی خۆی، هەروەها ململانێی نێوان ڕوانینی کۆن و ڕوانینی تازە و نێوان مانەوە لە نیشتماندا و کەڵکەڵەی کۆچ بەرەو هەندەران، بەشێکن لە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە پڕ لە حاڵەتە مرۆیی و خرۆشێنەی کە ناکرێ لە چەند دێڕێکدا کورتی بکەینەوە.
لێرەدا دەبێ ئەوە بڵێین کە نووسەر ناونیشانی ڕۆمانەکەی لە دێڕە شیعرێکی(ویلیەم بلەیک )وە وەرگرتووە. هەروەها ئەو پارچە شیعرەی کە لە ڕۆمانەکەیشدا لەسەر زاری عەبدوڵڵاوە دەگوترێ، لە ئەسڵدا هی ژنەشاعیری ئێرانی (فروغ فەڕوخزاد)ە و ئەو بە کەمێک دەسکارییەوە وەریگرتووە.