بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی لەندەن، لە ئەنجامی تەقەیەکی پەیوەندیدار بە گرژیی نێوان کورد و تورک لە تورکیا، چوار کەس برینداربوون.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕۆژنامەی تایمزی ئینگلیزی ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی تەقەکردن لە چێشتخانەیەک لە ڕۆژهەڵاتی لەندەن چوار کەس بریندار بوون کە پەیوەندی بە گرژییەکانی نێوان کورد و تورک لە تورکیاوە هەیە.

پۆلیسی لەندەن ڕایگەیاند، ماتۆڕسوارێک تەقەی لە کەسانێک کردووە کە لە دەرەوەی چێشتخانەکە بوون و لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا سێ پیاو و منداڵێک برینداربوونە. پۆلیسی میترۆپۆلیتانی لەندەن بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە گرژیی نێوان پێکهاتە کورد و تورکەکانەوە هەیە، داوای کردووە کە کورد و تورک لە لەندەن هاوکاری پۆلیس بکەن لە دۆزینەوەی ئەو تاوانبارە هەڵهاتووە.

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی لەندەن، باری ئەو منداڵە بریندارە ناجێگیرە.

کوردانی تورکیا کە لە ئینگلیز دەژین، باسیان لە زیادبوونی گوشارەکانی پۆلیسی بەریتانیا بۆ سەر پێکهاتە کوردەکان کردووە و پێیان وایە ئەو فشارە بۆ سەر کورد بە هەماهەنگی و داواکاری تورکیا ئەنجام دراوە.

توندوتیژی لە نێوان پێکهاتە کورد و تورکییەکان لە وڵاتانی وەک سوید، ئەڵمانیا و هۆڵەندا تۆمار کراوە.