سەرچاوە ناوخۆییەکانی کوردستانی سووریا رایانگەیاندووە، گرووپە چەکدارییە سوورییەکانی سەر بە تورکیا بازنەی "کاوەی ئاسنگەر"یان لە شاری عەفرین رووخاندووە و لەجێگای ئەوە بازنەیەکی شێوە زەیتوونیان بەناوی " چڵی زەیتوون" درووستکردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بۆ ڕووخاندنی دوایین سەمبۆلی کوردی لە کوردستانی سووریا چەکدارە تیرۆریستەکانی سەر بەتورکیا پەلامارێکی نوێیان داوە.

شارپرێس نووسی: ڕۆژی 18ی ئازاری 2018، کاتێک تورکیا و گرووپە چەکدارییە سوورییەکانی سەر بە ئەنقەرە شاری عەفرینیان داگیرکرد، چەکدارە سوورییەکان بە چەک و دۆشکە پەیکەری کاوەی ئاسنگەریان کردە ئامانج و وێنەی لەناوبردنی پەیکەرەکەشیان بڵاوکردەوە، ئەمە جگە نووسینی ئەو دەستەواژانەی کە ئاماژەبوون بە سەرکەوتن بەسەر کورددا.

لەو کاتەوەی تورکیا ناوچەکەی داگیرکردووە، بازنەی “ئازادی” لە عەفرین گۆڕیوە بۆ “گۆڕەپانی ئەتاتورک”، و بازنەی “نەورۆز”ی کردووە بە بازنەی “سەلاحەددینی ئەیوبی”، ئەمە جگە لە گۆڕینی ناوی شەقامەکان و بەرزکردنەوەی وێنەی سەرۆک کۆماری تورکیا و ئاڵاکانی تورکیا.

ئیبراهیم شێخۆ چالاکوانی مافی مرۆڤ و ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین لەلێدوانێکدا بە نۆرس پرێسی نزیک لە ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریای ڕاگەیاندووە، ئامانجی تورکیا و گرووپە چەکدارییە سورییەکان لابردنی روخساری مێژوویی و ڕەمزی کوردیی و بەتورککردنی ناوچەکەیە.

شێخۆ هەروەک داوای لە دامودەزگا نێودەوڵەتیی و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ کردووە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتن و ڕاستکردنەوەی ئەو پێشێلکارییانەی لە ناوچەی کوردنشینی عەفرین ئەنجام دەدرێن.