سەرۆکی پارتی نەژادپەرستی تورک "مەهەپە"و هاوپەیمانی سه‌ره‌كى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، داوایکردوە، بەپاساوی بەرەنگاربونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەدرێژایی سنوورو بەقووڵایی 60 کیلۆمەتر خاکی هەرێمی کوردستان داگیربکرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەگوێرەی ڕۆژنامەی "حوڕڕیەت دەیلی نیوز"ی تورکی، ده‌وڵه‌ت باخچەلی سیشەممەی ڕابردوو لەمیانی وتارێکدا لەبەردەم کوتلەی پارتەکەی لەپەرلەمانی تورکیا داوایکردووە ‌هێڵێکی ئارام بەدرێژایی سنورو بەقوڵایی 60 کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دروستبکرێت.

سەرۆکی مەهەپە باسی لەوەشکردوە، دەبێت ئەو هێڵە لەناوچە شاخاوییەکانی باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان)ەوە تاوەکوو ویلایەتی هاتای تورکیا درێژبێتەوە، بەشێوەیەک لەپێناو ئاسایش‌و ئارامیی تورکیا ڕێگە نەدرێت مێشوولەیەکیش بێتە ناو ئەو هێڵەوە.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا باخچەلی باسی لەگرنگیی داڕشتنی ستراتیژییەتێکی گشتگیر بۆ بەرەنگاربونەوەی کەڵکەڵەی جوداخوازیی کردووە.

باسی لەوەشکردوە، "ئەگەربێت‌و ئەوکارە نەکرێت، ئەوە لەداهاتودا هیچ جێگه‌یەکیان دەستناکەوێت بۆئەوەی کاری سیاسیی تێدابکەن".