پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان دەستیپێكرد و بەگوێرەی رێژەی 98.22%ی جیاكراوەی دەنگەكانیش، رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی جمور 52.12%ی دەنگەكان و كەمال كلیچدار ئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانی میللەت 47.88%ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەئێستاشدا جیاكردنەوەی دەنگەكان دەستیپێكردوە، بەڕێژەی 98.22%ی دەنگە تۆماركراوەكان جیاكراونەتەوە.

بەگوێرەی ئەنجامە نافەرمیەكان، جارێكی دیكە رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پێنج ساڵی دیكە بەسەرۆكی توركیا هەڵبژێردرایەوە و ئەندام و لایەنگرانی پارتەكەشی لە زۆربەی شارەكانی توركیا ئاهەنگی سەركەوتنیان دەستپێكرد.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاندوە، جیاكردنەوەی دەنگەكان زوتر لەگەڕی یەكەم تەواو دەبێت و ئەنجامە نافەرمیەكان رادەگەیەندرێت، لەپرۆسەكەی ئەمڕۆشدا هیچ روداوێك روینەداوە كە كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان هەبێت، ئەگەر هەر سكاڵایەكیش هەبێت بەدواداچونی بۆ دەكەن.

كارەكانی دەنگدان بۆ نزیكەی 3.5 ملیۆن دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات، لە 73 وڵات و 151 نوێنەرایەتی بیانی، لە 24ی ئایار كۆتاییهات، بەڵام دەنگدانەكە ئەمڕۆ تا كاتژمێر 5:00 لە دەروازە گومرگییەكان بەردەوام بوو.