بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەڵاحەددین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە نۆڤەمبەری ساڵی 2016وە بەتۆمەتی پشتیوانیکردنی تیرۆر لەزینداندایە، لەچاوپێکەوتنێکدا داوای بەئاشتیی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا و دانانی چەک لە پارتی کرێکاران دەکات.
دەمیرتاش لەمیانی دوو چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانیدا کە لەزینداندا لەگەڵی سازکراوە، لەپێناو چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا داوای گفتوگۆیەکی بەردەوام لەنێوان کورد و حکومەتی تورکیا و دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە دەکات.
ئەو داواکارییەی دەمیرتاش لەلایەن 202 نووسەر و رۆشنبیر و هونەرمەندی تورکیاوە پێشوازیی لێکراوە و بەو هۆیەوە بەیاننامەیەکیان واژۆ کردووە کە تێیدا دەڵێن بۆچوون و پێشنیازەکانی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەبارەی پرسی کورد و داواکردنی بۆ " دانانی چەک" لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە زۆر گرنگ و بەبەها و راستگۆیانەن.
لەبەیاننامەکەی ئەو ژمارە نووسەر و ئەکادیمی و هونەرمەندانەی تورکیادا هاتووە:" سەڵاحەددین دەمیرتاش، یەکێک لە هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان جەختی لەچارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا کردۆتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا داوای دوورخستنەوەی بەکارهێنانی توندوتیژیی لە سیاسەت و دانانی چەکی لەهەموو ئەو قەوارانە کردووە کە بۆ بەدیهێنانی ئەو مەبەستە چەک بەکاردەهێنن.
ئەوەش هاتووە: ئێمە پێمان وایە ئەو پێشنیازانە زۆر گرنگن و بەبەها و راستگۆیانەن و دەبێت بەهەند وەربگیرێن