بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە وتنی ئەوەی کە سیاسەتی دەوڵەتی سێزدەهەمی ئێران ئەوەیە کە بژیوی ژیانی خەڵک بە دانوستانەکانی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانەوە گرێ نەدات، ڕایگەیاند: ڕوانگەی دیکە ئەوەیە کە ئێران پابەندەی دانوستانەکانە و ئەو ڕێگایە تا کاتی دەستخستنی ڕێککەوتنێکی باشی بەهێز و سەقامگیر درێژە دەدات و هەر بۆیەش ئێران کورسی دانوستانەکان بەجێ ناهێڵێت.
دوور و نزیک بوونی ڕێککەوتن پێوەندی بە بڕیاری ئەمریکاوە هەیە
ناوبراو جەختی کرد: ئیران زۆر نەرمی نواندووە و پێشنیاری سازێنەری پێشکەش کردووە و ئێمە پێمان وایە ئەگەر لایەنی ئەمریکی وەکوو لایەنی سەرەکی لە دیاری کردنی ڕەوتی دانوستانەکان و گفتوگۆکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، بە قەد ئێران سازێنەر کردەوەی دەنواند و وەلامی داهێنانەکانی ئێران بداتەوە، لە ڕێککەوتنەوە نێزیکین.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە زیادی کرد: نزیک و دوور بوونی ڕێککەوتن پێوەندی بە بڕیاری سیاسی دەوڵەتی ئەمریکاوە هەیە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئێران بەدڵنیاییەوە بیر لە ڕێککەوتن دەکاتەوە و دەیەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێککەوتن بکرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە نالۆژیک کار ناکات و بەرژەوەندی خەڵک و وڵات لەبەرچاو دەگرێت.
ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ عەرەبستان ئیجابی بوو
ناوبراو لە شرۆڤەی وردەکارییەکانی گفتوگۆی ئێران و عەرەبستان وتی: پێنج خولی دانوستانەکانی ئێران و عەرەبستان کە بە میوانداری عێراق لە بەغدا بەڕێوە چوو، بەختەوەرانە ئەنجامی باش و ئیجابی هەبووە.
قسەکانی بەرپرسی گشتی ئاژانس تەکنیکی و حیرفەیی نییە
ناوبراو لە کاردانەوە بە قسەکانی بەرپرسی گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی وتی: قسەکانی بەرپرسی گشتی ئاژانس تەکنیکی و حیرفەیی نین و داوای لێدەکەین کە بە شێوەی بێ لایەن، دادپەروەرانە و بەدوور لە مەبەستی سیاسی قسە بکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بە ئاماژە بە ئەوەی کە هەندێک قسەکانی گرۆسی، قسەکانی ئیسرائیلە وتی: ناوبراو ئەبێ بنەمای بێ لایەنی بپارێزێت و وەڵامی نیازپاکییەکانی ئێران بداتەوە. داوا لە ناوبراو دەکەین بەدوور لە دروست کردنی لەمپەر لە دانوستانەکان قسە بکات .