بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەگوێرەی ڕۆژنامەی "زەمان"ی تورکی، دەمیرتاش کە بەتۆمەتی پشتیوانیکردنی تیرۆر لەزینداندایە، لەماوەی ڕابردوودا ناوبەناو لێدوانەکانی لەڕێگهی پارێزەرەکەیەوە بڵاودەکردەوە، بەڵام هەڵوێستەکەی ئەمجارەی لەڕێگای وتارێکەوە دەربڕیوەو تێیدا داوایکردووە گەلانی تورکیا خۆیان بۆ گۆڕانکاریی گەورە ئامادەبکەن.
لەوتارەکەیدا دەمیرتاش دەڵێت:"ئامادەبن بۆ گۆڕانکاریی گەورە، کەس دوورمەخەنەوە، کار لەسەر ئەوەبکەن کە هەموو دەست لەناو دەستو شانبەشانی یەکتر بوەستن، خاڵی هاوبەشتان بریتییە لەکۆمارێکی دیموکراتی، نیشتیمان تورکیایەو دەوڵەتە هاوبەشەکەشمان کۆماری تورکیایە".
دەمیرتاش هەروەک دەڵێت:"یەکبگرنو لەدەوری پرەنسیپە دیموکراتییەکان کۆببنەوە، واز لەوەبهێنن کێ دەبێت بەپاڵێوراوی پۆستی سەرۆکایەتیی، ئەو فەرمانبەرە زەبەلاحەی وڵات بۆ ئاستی پێویست بەرزدەکاتەوە، تەنها کەسێک نییە، بەڵکو ملیۆنان کەسن".
لەکۆتایی بابەتەکەیدا دەمیرتاش داوای لەگەلی تورکیا کردووە کە پێیوستە بەگوڕو تینەوە بەشداریی لەهەڵبژاردنەکاندا بکەنو حکومەت بگۆڕن.
لەماوەی ڕابردوودا، شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هاوپەیمانێتییەکیان بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە پێکهێنا، بەڵام ئامادەنەبوون پارتی دیموکراتی گەلان بێننە ڕیزەکانیانەوە، لەبەرامبەردا هەدەپە ڕایگەیاند، بێ چوونە ناو هیچ هاوپەیمانێتییەکەوە بەشداریی لەهەڵبژاردنەکاندا دەکات.
Publish Date: ١٢ ئایار ٢٠٢٢ - ١١:٣٧
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2016وە لەگرتووخانەی ئەدرنەدایە، لەنوێترین لێدوانیدا لەزیندانەوە دەڵێت:"دەبێت گەلی تورکیا خۆیان بۆ گۆڕانکاریی گەورە لەوڵاتەکەیان ئامادەبکەن".