تیرۆریستەکانی سەر بە تورکیا دووبارە دوای بەتاڵان بردنی دارە زەیتوونەکانی عەفرین، لە بازاڕەکان دەیانفرۆشن.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، تیرۆریستەکانی سەر بە تورکیا 120 داری زەیتوونیان لە ناوچەی بلبل لە عەفرین کە هی هاووڵاتیەک بە ناوی محەمەد عەلی حەبیب بووە، ڕیشەکێش کردووە و فرۆشتوویانن.

ئەو تیرۆریستانە پیشتریش چەندین جار بە دزینی دارە زەیتوونەکانی عەفرین و لەناوبردنی باخەکان، ئەو دارانەیان لە بازاڕەکانی دیکە لەوانە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵەکانی تورکیا لە سووریا و بازاڕی ناوخۆیی تورکیا فرۆشتووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە لە مانگی جوولای بڵاو کرایەوە تورکیا دوای داگیر کردنی عەفرین، باخە زەیتوونەکانی ئەو ناوچەیەی بەتاڵان بردووە و بە فرۆش لە بازاڕە جیهانییەکان، ئەویش بە بێ ناوی عەفرین، ساڵانە زیاتر لە 130 میلیۆن یۆرۆ داهاتی بەدەست هێناوە.

هەروەها گۆڤاری دەیلی پۆستیش ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا لە بەتاڵان بردنی داهاتی باخە زەیتوونەکانی عەفرین لەلایەن تیرۆریستەکانی سەر بە تورکیاوە و بەدەستهێنانی ڕۆنی زەیتوون لێی و هەناردە کردنی ئەو داهاتە بۆ وڵاتانی جیاواز لەوانە ئەمریکا هەواڵی دا.