بە پێی هەواڵی مێهر، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە کاردانەوە بە ئاگرکەوتنەوە لە دێرسیم، وتی: ئاگرکەوتنەوە لە دێرسیم بە ئەنقەست ڕوو ئەدات و لە هەموو ئەو کەسانەی بەدوای ئاشتی و دیموکراسین، داوا دەکەم دژی هەڵاواردنەکانی حکومەت خۆڕاگری بکەن.
ئەو وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسانەی لەم ئاگرانەدا گیانیان لە دەست دا، وتیشی: سووتانی دارستانەکان لە ڕۆژهەڵات تا ڕۆژاوای وڵات بۆتە هۆی لەناو چوونی داهاتووی کۆمەڵگا و گیانلەبەرانی دارستارەکان.
دەمیرتاش هەروەها نووسیویە: هۆکاری ئەوەی کە ئاگرەکان ناکوژێنەوە، نەبوونی جیهازات نییە. ئەم کارە بە ئەنقەست کراوە و کەس ئیزنی کوژاندنەوەی نییە. ئەم سیاسەتە دەیان ساڵە درێژەی هەیە و کەس ناوێرێ شتێک بڵێت.
ناوبراو لە کۆتاییشدا نووسیویە: ئێمە کۆتایی بەم سیاسەتە دێنین. بۆیە هەموو ئەو کەسانەی کە خوازیاری دیموکراسین دەبێ دەستی یەک بگرن و لە پەنای یەک بۆ کۆتایی هێنان بەم سیاسەتە ڕاوەستین.