قسەکانی پەروین بۆڵدان لە کارگرووپی ژنانی هەدەپە لە مەجلیس بووە سەردێڕی زۆربەی میدیاکان کە وتی: ئاکەپە گەورەترین ڕۆژڕەشیەکە کە بە سەر ژناندا هاتووە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پەروین بۆڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە لێدوانێدا لە کۆبوونەوەی کارگرووپی ژنانی پەرلەمانی ئەو پارتە قسەیەکی کرد کە بووە سەردێڕی زۆربەی چاپەمەنییەکان. ناوبراو لە ڕەخنە بە سیاسەتە دژە ژنەکانی ئاکەپە وتی: پارتی داد و گەشە گەورەترین چارەڕەشی و ڕۆژڕەشیەکە کە بە سەر ژنانی ئەو وڵاتەدا هاتووە.

پەروین بۆڵدان بە وەڵام بە قسەیەکەی ئەردۆغان کە وتبووی شەڕی ئێمە لە بەرانبەر توندوتیژی دژی ژنان بە کۆنوانسیۆنی ئەستەنبۆڵەوە دەستی پێنەکردوو کە بە چوونە دەرەوە لێی کۆتایی بێت، وتی: بە ئەردۆغان دەڵێم ئەو قسانە بە خزمەتکارەکانی لە کۆشکەکەی بڵێت کە پێدەچێت باوەڕی پێ بکەن. دەسەڵاتی ئاکەپە و هاوپەیمانەکەی مەپەهە دژ بە ژنانن نەک بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

لە کاتی دەسەڵاتداری پارتی داد و گەشە نزیک بە 16 هەزار ژن کوژراون و ئاماری توندوتیژی دژ بە ژنان چووەتە سەرەوە و هەروەها ڕێژەی بێکاری و ئازار لە ناو ژناندا زیادی کردووە.