پۆلیسی حەککاری 4 کەس لە بەرپرسانی هەدەپەی دەستگیر کرد و دوو کەسی دیکەشی بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت کرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پۆلیسی تورکیا لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی دوێنێ بە هێرش بۆ سەر خانووی ئەندامانی پارتی دیمۆکراتیکی گەلان هەدەپە چوار کەس لە بەرپرسانی هەدەپەی لە شاری جۆلەمێرگ دەستگیر کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی گازتە دیوار، مێدیای نزیک لە کوردەکانی تورکیا، سپان توران هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لقی حەککاری، سینەم سێوێن هاوسەرۆکی لقی حەککاری، زەینەب کایا وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی حەککاری و سۆزدار ئاتیلا هاوسەرۆکی هەدەپە لقی ناوچە شەمعدانلی بەرەبەیانی دوێنێ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون و بۆ لێپرسینەوە گواستراونەتەوە بۆ ئیدارەی لێپێچینەوەی جۆلەمێرگ.

هەروەها ئیسماعیل سێوێن هاوسەرۆکی هەدەپە لقی حەککاری و شادیە قرمزگۆل هاوسەرۆکی ناوچەی یوکسکواش بۆ پێشکەش کردنی شرۆڤە بانگهێشت کراوە بۆ ئیدارەی ئاسایشی جۆلەمێرگ.