بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە یادداشتێکدا بۆ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بە ئاماژە بە نامەگۆڕینەوەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا لە ماوەی حەوتەکانی ڕابردوودا، ڕایگەیاند: بەپێچەوانەی هەندێک شرۆڤەی لاواز و نەزانانە، ئەم پەیوەندییانە –لانیکەم لە لایەن ئێمەوە- نە هێمایین بووە و ڕواڵەتی. ئێمە ئەوانە بە هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێست و کردنەوەی دەلاقەیەک بەڕووی دیپلۆماسیدا دەزانین.
ناوبراو مۆدێلی پێشنیاریی ئێران بۆ دانوستانی بە مۆدێلێکی نوێباو و بێوێنە زانی و ڕاشیگەیاند: ئەمریکا خۆی خەریکی ناوبژیگەریی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینە کە لە شەڕێکی زۆر ئاڵۆزتر و گرژتردا گلاون؛ شەڕێک کە خاوەن ڕەهەندگەلێکی ستراتژی، سەرزەوینی، سەربازی، ئەمنی و ئابوورییە.
عێراقچی لە درێژەدا بوونی هەر جۆرە "بژێرە و ڕێگەچارەیەکی سەربازیی" ڕەت کردووە و جەختی کرد: پریزیدێنت ترامپـیش هەر خۆی بە داکۆکیی لە ئاگربڕ وەک هەنگاوی یەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین بە ئاشکرا دانی بەو ڕاستییەدا ناوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: پێشنیاری ئێمە بۆ دەسپێکی دانوستانی ناڕاستەوخۆ هێشتاش لە سەر میزە و ئێمە لەو باوەڕەین کە ئەگەر ئیرادەی ڕاستەقینە بوونی هەبێت، بەردەوام ڕێگەیەکیش بۆ پێشکەوتن هەیە. چونکە هەر وەک ئەزموونەکانی ئەمدواییە نیشانی داوە، دیپلۆماسی هەر لە ڕابردووەوە ئەنجامدەر بووە و دەتوانێ لە داهاتووشدا کاریگەر بێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی لەوەش کرد: ئێمە ئامادەین مەبەستی ئاشتیخوازانەمان ڕوون کەینەوە و بۆ سڕینەوەی هەر جۆرە نیگەرانییەکی لۆژیکی، هەنگاوی پێویست هەڵگرین و لە بەرامبەردا، ئەمریکاش دەتوانێ پێداگریی لە بواری دیپلۆماسی بە پابەندبوونی ڕاستەقینەی بە ڕێککەوتنێک کە واژۆی دەکات نیشان بدات، چونکە ئەگەر ڕێزمان لێ بگیرێت، ئێمە بە ڕێزەوە وەڵام دەدەینەوە.