بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "کۆمەڵێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت داواکاری فەرمانبەران بەکاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناوی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو، پەكەكە و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "چەند ڕۆژێکە لە سنووری سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
ئاماژەی بەوەشكرد، "حكومەتی هەرێم بە بەردەوامی لەگەل حکومەتی فیدرال لە بەغدا کاری بۆ بەدیهێنانی داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران كردوە و تا رادەیەکی باش بەرەو پێشچون هەیە. بە هەماهەنگی لەگەل بەغدا لەهەولی چارەسەرکردنی بابەتە هەلواسراوەکانین".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی، "ئەوەی جێگای هەلوەستەیە، کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو، پەكەكە و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن".
ئەوەشی خستەڕو، "بەمەش داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن. سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگرییان لێدەکرێت و هەر هەولێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت".