بە پێی ئامارێکی ڕوانگەی سووری لە ماوەی پێنج هەفتەدا لە بەنداوی تەشرین و پردی قەرەقۆزاق 292 چەکداری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا کوژراون.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، روانگەی سووری بڵاویکردەوە، ماوەی 36 رۆژە تورکیا بە بۆردومانی ئاسمانی و زەمینی پشتیوانی گرووپە هاوکارەکانی دەکات و دەیەوێت دەستبەسەر ناوچەی ستراتیژی بەنداوی تەشرین و پردی قەرەقۆزاقدا بگرێت.

تورکیا دەیەوێت بپەڕێتەوە بەری رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام شەڕڤان و خەڵکی ناوچەکە نەیانهێشتووە تورکیا و گرووپەکانی ئامانجەکانیان بەدەستبێن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، زیاتر لە مانگێکە شەڕ و پێکدادانی توندی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و گرووپەکان لە دەوروبەری مەنبج و پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تاشرین بەردەوامە و بەهۆیەوە 292 چەکداری گرووپەکانی تورکیا کوژراون و 73 شەڕڤانی هەسەدەش گیانیان لەدەستداوە و 36 هاووڵاتی مەدەنیش لەئەنجامی بۆردومانەکان کە ژن و منداڵیان تێدایە گیانیان لەدەستداوە.

روانگەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای داواکارییەکان بۆ راگرتنی بۆردومانی تورکیا و هێرشی گرووپەکان، بەڵام تورکیا بەردەوامە و ئاڵۆزیی چاوەڕوان نەکراوی لە ناوچەکەدا دروستکردوە.