سەرۆک کۆماری ئێران و سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە موسکۆ دیداریان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری ئێران گەیشتە موسکۆ و لەگەڵ ڤیلادمیر پووتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا دیدار و گفتوگۆی کرد.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ ڕووسیا بڕیارە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی هاوکاری نێوان دوو وڵات بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ واژۆ بکات.

ئەم ڕێکەوتنە زیاتر لە ٣٠ تەوەری هەیە لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری، گواستنەوە، ڕێڕەوی ترانزێت، دراوی و بانکی، وەبەرهێنان، زانست، نەوت و گاز و هتد.
لە ڕاستیدا ئەم ڕێککەوتنە گرێبەستێکی درێژخایەنە کە لەسەر بنەمای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە، بە لەبەرچاوگرتنی مافی هاوبەش و هاوسەنگی پابەندبوون و ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاک.

لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی ئێران، سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنی نوێی تاران و مۆسکۆ تۆکمەیی زیاتر بە هەموو بوارەکانی هاریکاری نێوان هەردوو وڵات دەبەخشێت.

پووتین لە لێدوانێکیدا بۆ پزیشکیان وتی: سەردانەکەی ئەمڕۆتان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە نەک هەر دەرفەتێکمان بۆ دەڕەخسێنێت کە هەموو بوارەکانی هاوکاریمان تاوتوێ بکەین، بەڵکوو ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی نێوان ڕووسیا و ئێرانیش لەسەر ستراتیژییەکی هەمەلایەنە و هاوبەش واژۆ دەکەین ."

هەروەها سەرۆک کۆماری ئێران مەسعوود پزشکیان لەم دیدارەدا وتی: پێش سەفەرەکەم سەردانی ڕێبەری باڵای ئێرانم کرد، سڵاوێکی تایبەتی بۆ ئێوە هەبوو و وتی؛ ئەو پەیوەندییانەی کە لە نێوان ئێمە و وڵاتی برا و دۆستمان ڕووسیادا هەیە، زۆر قووڵتر و پتەوتر بکرێنەوە.

سەرۆک کۆمار وتی: ڕێککەوتنی ستراتژیکی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیا دەبێتە بنەمای فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا.