بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هاتنی تیرۆریستان بۆ دیمەشق و ڕووخانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا، خولێکی نوێی پشێوی و نائارامی لەم وڵاتەی دەستپێکردووە.
بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا کە سەردەمانێک سپۆنسەری سەرەکی تیرۆریستان بوون، ئێستا بەم پێشهاتانە دڵخۆشن.
سی ئێن ئێن بە گێڕانەوەی بەرپرسێکی ئاگاداری ئەمریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە چەکدارانی ئەمریکی پێگەی سەرکردەکان و ئەندامان و کەمپەکانی تاقمی تیرۆریستی داعشیان لە ناوەندی سووریا بۆردومان کردووە.
سەرچاوە ئەمریکییەکان بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە، لە یەکێک لە پەیامەکانیدا بۆ تیرۆریستان، حکومەتی بایدن داوای لێکردوون ڕێگە نەدەن گرووپی تیرۆریستی داعش لەگەڵیان بێت لە پرۆسەی ڕووخاندنی حکومەتی ئەسەددا.
ئەم سەرچاوە ئەمریکیانە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە تیرۆریستان لە بەرامبەردا ئیدارەی بایدنیان دڵنیا کردووەتەوە کە تیرۆریستانی داعش لە شەڕی ڕووخاندنی ئەسەد لەگەڵیان نابن.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی: لەگەڵ تورکیە دانوستان دەکەین سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی سووریا. کردنەوەی بەرەی جەنگی نوێ لە سووریا لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نییە. بۆیە هەوڵدەدەین گرژییەکانی ناوچەکە کەمبکەینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە کار لەسەر سووریایەکی نوێ دەکەین دوور لە ڕژێمی ئەسەد. هەوڵ دەدەین لەسەر گواستنەوەی سیاسی لەسەر بنەمای پێکهێنانی حکومەتی کاتی ڕێکبکەوین. ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گەشت بۆ ناوچەکە دەکەن و لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بارودۆخی سووریا تاوتوێ دەکەن. سەربازانی ئەمەریکا لە سوریا دەمێننەوە. ئەم پرسە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاقمی تیرۆریستی داعش پێویستە.